پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک، مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم نووسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داوای گواستنەوەی راژەکانیان دەکەن بۆ سەر حکومەتی عێراق.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستییەوە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرکوک کە راژەکانیان سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، داوا دەکەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق راستەوخۆ راژەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بگوازێتەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق.
خۆپیشاندەران داوا دەکەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیار لەبارەی راژەکانیانەوە نەدات بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران راستەوخۆ بڕیاربدات لەوبارەیەوە.
پێشتر بڕیاربوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەناو پڕۆژەیاسای بودجەدا بڕیار لەبارەی یەکلاییکردنەوەی راژەی ئەو مووچەخۆرانەوە بدرێت و بگوازرێنەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق، بەڵام بڕگەکە رەتکرایەوە و نەخرایە دەنگدانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران.