ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بەرپرسیارێیەتیی حكومەتی هەرێمە و پێویستە لەو بودجەی لە بەغدادەوە بۆی رەوانەدەكرێت و بە داهاتی ناوخۆ، پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بداتەوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بەرپرسیارێتیی حكومەتی هەرێمە و ئێمە پێمانباشە هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات و یەكێك لە هۆكارەكانی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت ئەوەبوو كە پێشتریش راگەیەندرا ئەگەر هەرێم خۆی نەوت بفرۆشێت دەتوانێت بودجە و مووچە دابینبكات بۆیە لەو كاتەی هەرێم نەوتی فرۆشتووە و مووچە پاشەكەوتكراوە و بەرپرسیارێتییەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، “حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەو بودجەیەی لە بەغدادەوە بۆی رەوانەدەكرێت بە داهاتی ناوخۆ بڕێكی بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە تەرخانبكات”.