توێژینەوەیەکی نوێ: خواردنەوە کحولییەکان سوودیان بۆ دڵ و خوێنبەرەکان هەیە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە خواردنەوەی کحولی بەشێوەیەکی کەم و مامناوەند، دەکرێت ببێتەهۆی ئەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەم بکاتەوە.

پسپۆڕان و شارەزایان تا ئێستاش جەختدەکەنەوە کە لەبەرئەوەی خواردنەوەی کەمی ماددە کحولییەکان سوودی بۆ دڵ هەیە، نابێت زیانە زۆرەکانیان پشتگوێبخرێت.

ئەحمەد تەواکول، پزیشکی پسپۆڕی دڵ، سەرۆکی نووسەرانی توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانی نەخۆشخانەی گشتی ماساشوستسەوە ئەنجامدراوە، دەڵێت، “ئێمە بانگەشە بۆ بەکارهێنانی کحول ناکەین بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی کاریگەرییە نیگەرانکەرەکانی دیکە لەسەر تەندروستی”.

ئەنجامی توێژینەوە نوێیەکە کە 50 هەزار کەسی تێدا بەشداربوون، لە گۆڤاری کۆلێژی پزیشکیی دڵی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.

توێژەران دەیانویست بە تەواوی لەوە تێبگەن کە خواردنەوەی کەم یان مامناوەند (یەکجار خواردنەوە لە رۆژێکدا بۆ ئافرەتان و یەک بۆ دوو جار خواردنەوە لە رۆژێکدا بۆ پیاوان) دەتوانێت نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەم بکاتەوە، وەک لە زۆرێک لە توێژینەوەکانی تری پێشوودا دەرکەوتووە.

توێژەران پشکنینیان بۆ گروپێکی 754 کەسی کردووە کە پێشتر وێنەگرتنی مێشکیان بۆ کراوە بۆ دیاریکردنی کاریگەریی خواردنەوەی کحولی سووک تا مامناوەند لەسەر چالاکیی تۆڕی دەماری پشوودان کە پەیوەندی بە فشارەوە هەیە.

وێنەکانی مێشک کەمبوونەوەی نیشانەکانی فشاری لە ئەمیگدالادا نیشاندا کە ناوچەیەکی مێشکە پەیوەندی بە وەڵامدانەوەی فشارەوە هەیە، لەو کەسانەی کە کحولێکی کەم یان مامناوەندیان خواردووەتەوە بەراورد بەو کەسانەی کە خۆیان لە کحول بەدوورگرتووە.

هەروەها توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە خواردنەوەی سووک تا مامناوەند پەیوەندی بە نزیکەی دوو هێندە کاریگەری پاراستنی دڵەوە هەیە لەو کەسانەی کە مێژووی دڵەڕاوکێیان هەبووە بە بەراورد بە کەسانی دیکە.

بەپێی کلینیکی مایۆ ، تێگەیشتن لە مەترسییەکان و هەر سوودێکی تەندروستی ئەگەری کحول زۆرجار دەتوانێت سەرلێشێواو بێت. چونکە بەڵگەکان سەبارەت بە سوودە تەندروستییە ئەگەرییەکان لەگەڵ بەکارهێنانی کحولی مامناوەند لە گەورەساڵانی تەندروستدا دڵنیا نین.

هەروەها توێژینەوە نوێیەکە دەریخستووە کە هەر بڕە کحولیەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی خواردنەوەی بڕێکی زیاتری کحول – زیاتر لە 14 خواردنەوە لە هەفتەیەکدا – مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ دەستیکردووە بە زیادبوون لەکاتێکدا چالاکیی گشتی مێشک دەستیکردووە بە دابەزین، ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بە دابەزینی توانای مەعریفی مرۆڤەوە هەبێت.

بابەتی پێشتر

كەسێك بە تۆمەتی فێڵكردن لە كچێك دەستگیركرا

بابەتی دواتر

چۆن ئەو چوار منداڵەی لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک رزگاریان بوو 40 رۆژ بە تەنها لە دارستانێکدا مانەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share