شارەوانیی هەرێم لەمساڵدا چەندین ملیار دیناری بۆ بەكرێگرتنی تانكەر خەرجكردووە

وەزارەتی شارەوانیی هەرێم ئەو پرۆژانەی ئاشكراكرد كە لە كابینەی نۆدا جێبەجێكردوون، تیاییدا هاتووە چەند ملیار دینارێك بۆ دابەشكردنی ئاو بە تەنكەر تەرخان كراوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، “لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆ، نزیكەی 20 پرۆژەی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و چارەسەركردنی ئاوی قورس لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێكردووە”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، چەند گرێبەستێكی تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی ئاو و دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەكانی واژووكردووە.

شارەوانیی هەرێم ڕاشیگەیاندووە، “وێڕای پرۆژەكانیش زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ کڕینی مەوادی پاککەرەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو و دابەشکردنی ئاو بە پرۆسەی تانکەرین تەرخانكراوە، لەگەڵ تەرخانکردنی زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ بەکرێگرتنی تانکەر بۆ ئاوەدانی پارک و باخچە و بلوارەکان لە هەولێر و سلێمانی”.

ئەو پرۆژانەی شارەوانیی هەرێم جێبەجێی كردوون بریتین لەمانەی خوارەوە;

“تەواوکردن و جێبەجێکردنی بەشی دووەمی پرۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو.

جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە 176 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بەشێوەی قەرزی درێژخایەن.

واژووكردنی دوو گرێبەستی باشتركردنی پرۆسەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، بە پاڵپشتیی قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بە گوژمەی زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر (تەیراوە، سێتاقان، منارە، سەیداوە) لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی بازنەی ناوەوەی شەقامی 30 مەتری، دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز/3ی شاری هەولێر.

جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی بارزان و 51 گوندی دەوروبەری بە گوژمەی 130 ملیار دینار بە ڕێژەی 76٪.

پڕۆژەی جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە شارۆچكەی کەسنەزان و دەوروبەری بە گوژمەی 10 ملیۆن دۆلار بە ڕێژەی 60٪.

جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (4) و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 7٪ بەشێوەی قەرز.

جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی 20 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 60٪.

جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 90 ملیار دینار بە ڕیژەی 59٪.

جێبەجێکردنی پێنج پڕۆژەی ئاو بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار کە بە ڕێژەی 7٪ جێبەجێ کراون.

تەرخانکردنی زیاتر لە 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی 155 پڕۆژە و پێداویستی لە بواری ئاو و ئاوەرۆ.

دابینکردنی زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ کڕینی مەوادی پاککەرەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو و هەروەها دابەشکردنی ئاو بە پرۆسەی تانکەرین.

تەرخانکردنی زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ بەکرێگرتنی تانکەر بۆ ئاوەدانی پارک و باخچە و بلوارەکان لە هەولێر و سلێمانی.

تەواوکردنی قۆناغەکانی دیزاین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورس لە شاری هەولێر (قۆناغی یەکەم) بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەستنیشانکردنی کۆمپانیای ڕاوێژکار.

پرۆژەی دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە پارێزگای هەولێر و ڕاکێشانی هێڵی سەرەکی و ئاوەڕۆی لوولەیی و دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەکانی ئاوی سلێمانی و هەڵەبجە بە گوژمەی 9 ملیۆن دۆلار.”

بابەتی پێشتر

سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی: لە بەرامبەر ئەمریکا بە ئەرکی ئاینی خۆمان هەڵدەستین

بابەتی دواتر

پۆلیسی ڕاپەڕین زانیاری نوێ لەبارەی دۆسیەی "سلێمان هەڵشۆیی"ەوە ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

نرخی دراوە بیانییەكان بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی کانونی یەکەم، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە، بەراورد بە دوایین نرخی دوێنێ،…
Total
0
Share