ملیۆنان عێراقی بێکارن.. سیاسەتی وڵات گەشەسەندنی پەکخستووە

ئامارە فەرمییەکان لە عێراق پشتڕاستیدەکەنەوە کە نزیکەی پێنج ملیۆن بێکار لە وڵاتدا هەن، ئەوەش چەندین هۆکاری لە پشتەوەیە، لەوانە نەبوونی کارگە و دامەزراوە بۆ لەخۆگرتنی ئەم کەسانە کە ساڵانە ژمارەیان لە زیادبووندایە و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانیان لەخۆگرتووە.

قەیرانی بێکاری لە لایەک بارگرانییەکی ئابووری لەسەر دەوڵەت دروستدەکات، لەلایەکی دیکەشەوە دابەزینی ئاستی ژیان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری زیاتر دەکات، سەرەڕای ئەوانەش رێگری لە گەشەی ئابوریی وڵات دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایان و ئامارە نافەرمییەکان باس لە رێژەیەکی زۆر زیاتر دەکەن کە دەگاتە 10 ملیۆن بێکار لە وڵاتدا.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق عەبدولزەهرا هنداوی، لە دوایین لێدوانی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، “رێژەی بێکاری لە عێراق، بەپێی دوایین راپرسی کە لەلایەن رێکخراوی ئاماری ناوەندییەوە بە هاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار ئەنجامدراوە، گەیشتووەتە لەسەدا 16.5 لە نێوان دانیشتوانی چالاک لە ڕووی ئابوورییەوە کە لە تەمەنی 18 بۆ 63 ساڵیدایە.

هنداوی دەڵێت، “دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پڕۆژە وەستاوەکاندا، دەرفەتی باش بۆ بێکاران دەڕەخسێنێت، ئەمە جگە لە پڕۆژە بەردەوامەکان و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و پڕۆژەی نوێ”.

لەلایەکی دیکەوە ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەمال کۆچەر، ئاماژەی بەوەدا کە “بێکاری چەقبەستوویی گەشەی ئابووری توندتر دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لە بوارەکانی گەشەپێدان بە هەموو فۆرم و جۆرەکانییەوە زیانی گەورەی بەر بکەوێت”.

کۆچەر دەشڵێت، “عێراق دەیان هەزار شوێنی کار، کۆمپانیا و کارگەی هەیە لە سەرتاسەری وڵاتدا، بەڵام پێویستیان بە گەشەپێدانە”.

جەختیشی لەوە کردەوە “هەموو شارەکانی عێراق بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش کێشەی بێکاری هەیە، لە ناوەڕاست و باشوور دۆخەکە خراپترە”.

پێشتر بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، “عێراق لە گۆشەگیرییەکدا وەستاوە بەو پێیەی گەیشتووەتە خاڵێک کە چارەسەرە خێراکان سنووردار بوون، هەروەها ئابووریش پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە ئەگەر بیەوێت هەلی کار بۆ بەپێی پێویست بۆ ژمارەیەکی زۆری  گەنجابڕەخسێنێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق دەتوانێت قازانجی دارایی بەدەستبهێنێت ئەگەر سیاسەتەکانی پاڵپشتی گەشەکردن لە کەرتە غەیرە نەوتییەکان جێبەجێبکرێن هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی لە بودجەی گشتیدا”.

بابەتی پێشتر

سبەی ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دەدات<br> ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2023 تەواوكرا

بابەتی دواتر

سیستمی یەك پەنجەرە لە سلێمانی كەوتەكار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share