بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە داخەوە سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پرسیاردایە و حزب دەستووەردان دەكات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.

‏‎لەدیدارێكدا كە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەكانی هەرێم و عێراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانە كرایەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی ‏‎سەقامگیریی ناوچەكە.

‏‎سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم بە گشتی و پرسی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بە تایبەت رایگەیاند، “سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن روونە و لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دوور لە دەستووەردان. ئەمەش بە یاسایەكی نوێ و كۆمسیۆنێكی بەهێز دەكرێت نەك یاسایەك دەرفەت بۆ هەڵبژاردنێكی رووكەش بڕەخسێنێت، ئێستاش كات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەكە یەكلاییبكرێتەوە كە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمە”.

‏‎وتیشی، “بەداخەوە سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پرسیاردایە و حزب دەستووەردان لە كارەكاندا دەكات، ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە و دەبێت رێگریی لێبكرێت”.

‏‎لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و هەوڵە ئەرێنییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان سەرۆك بافڵ وتی، “كاری پێكەوەیی لەگەڵ دۆستەكانمان لە بەغداد و فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا، فاكتەری بەهێزبوون و مانەوەمانە وەك قەوارەیەكی بەهێز و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكەكەمان”.

‏‎هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكراشیكرد، ئەو دۆخە سیاسییەی ئەمڕۆ لە هەرێم هاتووەتەئاراوە نەك خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات، بەڵكو لە سیاسەت و حوكمڕانییەكی تەندروست دوورمان دەخاتەوە، ناشتوانین كۆتایی بەو دۆخە بهێنین ئەگەر واز لە عەقڵییەتی سەپاندن و تاكڕەوی نەهێنین و پێكەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كار نەكەین”.

بابەتی پێشتر

ئاگادارییەك بۆ مامۆستایان

بابەتی دواتر

راگەیەندراوێك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share