نادیە موراد رزگاركردنی شەش ژنی ئێزدی رادەگەیەنێت و دەڵێت، بە فڕۆكە گەڕێندراونەتەوە هەولێر و بە خێزانەكانیان شاد دەبنەوە.
نادیە موراد، چالاكوانی ئێزدی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە تویتێكدا رایگەیاند، دوای چەند هەفتەیەک لە لێکۆڵینەوە، لەڕادەبەدەر دڵخۆشم کە ئاشكرایدەكەم شەش ژنی ئێزیدی دیکەمان رزگارکردووە کە لەلایەن داعشەوە بە دیلگیرابوون.
وتیشی، “ئەو ژنانە هێشتا منداڵ و هەرزەکار بوون، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 بە دیل گیران، لە دەرەوەی عێراق و سەر سوریا بازرگانییان پێوەکرا، بەیانیی (…) شەممە رزگارکران”.
ئەوان بە فڕۆکە گەڕاونەتەوە هەولێر و لەوێ لەگەڵ خێزانەکانیان شاد دەبنەوە و، هەموو ئەو پاڵپشتییە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە پێویستیان پێیەتی پێشکەشکراوە، وەك ئەوەی نادیە موراد ئاماژەی پێداوە.
دووپاتیشیدەكاتەوە، رزگارکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدیی بازرگانیپێوەكراو و كۆیلەكراو هەڵمەتێکی مرۆیی بەردەوامە و یەکگرتنەوەی ئەم شەش ژنە لەگەڵ خێزانەکانیان، دوای نزیکەی نۆ ساڵ، هیوایان پێدەبەخشێت کە زیاتر بدۆزرێتەوە.
چالاكوانەكە ئاماژە بەوەشدەكات، بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدوای ئەو ژن و منداڵانەی ماونەتەوە کە دەزانن هێشتا بێسەروشوێنن. لەم هەوڵەدا داوای یارمەتی لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.