لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە نوسینێکدا دەڵێت، مەرد و رەند نابێت بە موناسەبە و بێ موناسەبە ناپاکی و خیانەت زۆر خەرج بکات، ئەگەرنا وشەکە بەهای نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی لەدەستدەدات.
ستران عەبدوڵا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، “بە گوفتار و بە کردار خیانەت زۆر خەرج دەکەن، ناپاکی زۆر دێننە ناو باسەکانەوە، مەرد و رەند نابێت بە موناسەبە و بێ موناسەبە ناپاکی و خیانەت زۆر خەرج بکات، ئاخر دوایی وشەکە دەسوێت، ژەنگ دەبات و بەهای نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی لەدەستدەدات”.
دەڵێت، “تەنانەت لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا مرۆڤ زۆر تەڵاقی لەسەر زاران بوو، لە گەمەی دامە و دۆمینە تا دەگات بە قورسی قومار خۆشیی لێهات و بەکاری هێنا، ئێ دوایی هەڵە دەفەرمێ و تێدەکەوێت، بە چەشنێک سەد مارە بە جاش چاک و راستیناکاتەوە”.
لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی هەروەها نووسیویەتی، “بەرێزان کەم لە کار و کاردانەوەدا ئەم دەستەواژە هەستیارانە خەرج بکەن، راستییەکەی هەر برینی خەڵک نەکولێننەوە و خۆتان نەیکەنەوە بیریان ئیتر خۆی لە خۆیدا بەسە و کوردایەتی سەلامەتە”.
لە کۆتاییدا ستران عەبدوڵا دەڵێت، “خەرجی مەکەن، .. بۆ ئایندەی کوردستان بەها دەگمەنەکان بە دەستەواژە دەگمەنەکانەوە پایەدارن”.