بڕیاردەری كۆمسیۆنی هەرێم: بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەم

بڕیاردەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بەناو كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بە “ناتەندروست” ناودەبات و رایدەگەیەنێت، بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەم.

ئیسماعیل حمەعلی خورماڵی، بڕیاردەری ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی رایگەیاند، لە ماوەی هەشت ساڵ و نیو كاری كۆمسیاری، چەندینجار ئەوەم راگەیاندووە كە بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەم كە هۆكار بێت بۆ لێكترازان و كاریگەریی نەرێنی هەبێت لەسەر پێگەی كۆمسیۆن و دژ بێت بە ئاشتەوایی و بێلایەنی و، ئارامی سیاسیی كوردستان بشێوێنێت.

وتیشی، “سەبارەت بە نوێكردنەوەی كۆمسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان لە بەرواری 2023/5/22 بەدەر لەو تێبینی و رەخنە یاساییانەی كە هەبووە و هەیە لەسەر پرۆسەكە، بە گشتی بە حاڵەتێكی ناتەندروستی دەبینم و وادەزانم خزمەت بەو قەناعەت و مەبدەئەی كاری بەردەوامی من ناكات”.

ئیسماعیل خورماڵی ئەوەش دەخاتەڕوو، “لەو سۆنگەیەوە وەك هەڵوێستێكی مەبدەئی و دوور لە لایەنگیری یان دژایەتی هیچ كەس و لایەنێك، رایدەگەیەنم كە بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەم لە ئێستا و لە داهاتوودا كە تێبینی و رەخنەی یاسایی لەسەر بێت و، لە كەشێكی ئارام و تەندروستدا نەبێت و، خزمەت بە كۆی پرۆسەی سیاسی كوردستان و ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پێكەوەژیان نەكات لە كوردستان”.

بابەتی پێشتر

جوتیارانی هەرێم لە بەغدادەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی گەنمەکانیان دەکەن

بابەتی دواتر

داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت تانکییەکانی ئاویان پاکبکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share