وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند کە کۆمپانیا نەوتییە هیندییەکان گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق بوون لە مانگی تشرینی دووەمدا.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، “بەرزترین ئاستی کڕینی نەوتی عێراق لەلایەن کۆمپانیا نەوتییە هیندییەکانەوە بووە لە مانگی تشرینی دووەمدا لە ناو سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکاندا، کە حەوت کۆمپانیای هیندیین لە کۆی 29 کۆمپانیای نەوتیی جیهانی”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “کۆمپانیا چینییەکان لە پلەی دووەمدا دێت لەلایەن پێنج کۆمپانیای نەوتی چینییەوە، هەروەها چوار کۆمپانیای ئەمریکی لە پلەی سێیەمدان، دوای ئەوانیش کۆمپانیاکانی کۆریای باشور و ئیتالیا دێن کە هەریەکەیان بە دوو کۆمپانیا بەشدارن”.
وەزارەتی نەوت ڕیزبەندییەکیە لە دواتری بەمجۆرە ڕێکخستووە، “کۆمپانیاکانی تورکیا، ڕوسیا، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئەردەن، یۆنان، فەرەنسا، یابان و هۆڵەندا کە هەریەکە لەو وڵاتانە بە یەک کۆمپانیا نەوتی عێراقیان کڕیوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دیارترین ئەو کۆمپانیا هیندییانەی نەوتی عێراقیان کڕیوە، کۆمپانیای هیندوستان، هیمێل پەترۆلیۆم، دیارترین کۆمپانیا چینییەکان کە نەوتی عێراقییان کڕیوە پترۆجینا و cnooc، بەڵام کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەریەکە لە ئیکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن، ئیتالیا کۆمپانیای ئەینی، بەریتانیا کۆمپانیای BP”.