قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سۆوفی ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیا و دۆچێسی ئێدینبێرگ رایگەیاند، “کاریان بۆ ئەوەکردووە پەرە بە توانای گەنجان و ژنان بدەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی کاریگەرتر لە کۆمەڵگادا.
ئەمڕۆ سێشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی کرد لە خاتوو سۆوفی ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیا و دۆچێسی ئێدینبێرگ و لە کۆبوونەوەیەکیشدا پرسی مافی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەکردەوە، “لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی باشیان ناوە بە ئاڕاستەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و نەهێشتنی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەوڵەکانمان تەنها بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان نییە، بەڵکو کارمان بۆ ئەوە کردووە کە پەرە بەتوانای گەنجان و ژنان بدەین بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی کاریگەرتر لە کۆمەڵگادا”.
هاوکات باس لە گرنگیی چارەسەری دەروونی بۆ ئەو کەسانەی لە جەنگ و کارەساتەکان رزگاریان بووە کرا و لەوبارەیەوە باس لە چۆنییەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی بەریتانیا کرا و قوباد تاڵەبانی داوای کرد هاوکاریان بن چونکە لە هەرێمی کوردستان پێداویستییەکی زۆری لەو رووەوە هەیە.