پۆلیسی سلێمانی: لەم مانگەدا 60 منداڵی دەرۆزەکەر لە ترافیکەکان دوورخراونەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەم مانگەدا 60 منداڵی دەرۆزەکەر لە ترافیکەکان دوورخراونەتەوە و بەڵێننامە بە بەشێک لە خێزانەکانیان پڕکراوەتەوە کە ئەو کارەیان پێدووبارە نەکەنەوە.

سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئێمە لەگەڵ قائیمقامیەت و چاودێری کۆمەڵایەتی و تەندروستی لیژنەیەکی هاوبەشمان هەیە، بە جلی مەدەنییەوە دەچینە ترافیکەکان و ئەو شوێنەی منداڵانی دەرۆزەکەر و ئیشکەری تێدان دەیانبەین لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەین، بانگی کەسوکاریان دەکەین لەلایەن پۆلیسی نەوجەوانانەوە بۆ ماوەیەک دەخرێنە ژێرچاودێرییەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو کارانە نەکەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشێک لەو منداڵانە کە بانگیان دەکەین، دەڵێن بە زۆر کاری دەرۆزەیان پێدەکەن، تەنانەت بەشێکیان داوا دەکەن نەچنەوە ناو خێزانەکانیان، بۆیە ئەو کاتە دەبرێنە خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت”.

ئاشکراشیکرد، “کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دیارەدەیە بە شێوەی تەواوەتی مەحاڵە، چونکە بەشێکیان خێزانەکانیان کاتێک کاتی چاودێریکردنیان تەواوبوو بێ ئاگادارکردنەوەی پۆلیس شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگۆڕن، ئێمەش لەرووی یاساییەوە ناتوانین بە جلی پۆلیسیەوە بچین لە ترافیکەکان منداڵەکان دەستگیربکەین، ناکرێت هیچ رێوشوێنێکی یاسایی دژی منداڵ بگیرێتە بەر”.

وتیشی، “تەنها لەم مانگەدا 60 منداڵ براونەتە پۆلیسی نەوجەوانان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، بەشێکیان خێزانەکانیان بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە ئەو کارە دووبارە نەکەنەوە بەشێکیان ئامادەنەبوون بچنەوە ماڵەکانیان براونەتە خانەکانی منداڵان، هەڵمەتەکانیشمان بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردەیە”.

 

 

بابەتی پێشتر

ئەبوبەکر هەڵەدنی: کۆمسیۆن کارانەکراوەتەوە و بەو میکانیزمە کارا ناکرێتەوە

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی:کارمان بۆ ئەوەکردووە پەرە بە توانای گەنجان و ژنان بدەین بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی کاریگەرتر لە کۆمەڵگادا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share