بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی پێشوازی لە فۆتوشی ماتسۆمۆتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە لێكتێگەیشتن و دیالۆگی بەردەوامی نێوان لایەنەكان كرایەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی هەرێم و پرسی هەڵبژاردن، هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و رایگەیاند، “زەمینەیەكی لەبار بۆ گەیشتن بە سازان و رێككەوتنی نیشتمانی هاتووەتە ئاراوە و هەموو هەوڵێكیشمان لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێكی ئەرێنی و خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتییاندایە”.
سەرۆك بافڵ وتیشی، “گفتوگۆكان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەهەرێم بەردەوامە و هیوادارین ئەو خاڵانەی ناكۆكی لەسەرە، بەزووترین كات رێككەوتنی لەسەر بكرێت و هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت”.
هەر لە دیدارەكەدا بەهێزتركردنی ژێرخانی ئابوریی هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی نێوان هەردوولا تاوتوێكرا.