پسپۆڕانی ناوەندی گرێ شێرپەنجەییەکان سەربە پەیمانگای پزیشکیی ئەوروپی، دەستەیەک لە ژنان دیاریدەکەن کە زیاتر مەترسیی تووشبوونیان هەیە بە شێرپەنجەی هێلکەدان.
دکتۆرە یولیا فاخابوها پسپۆڕی شێرپەنجەی هێلکەدان دەڵێت، شێرپەنجەی هێلکەدان یەکێکە لەو جۆرانەی شێرپەنجە کە دەستنیشانکردنی لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا سەختە، تا کاتێک گرێکە گەورە دەبێت و ئەندامەکانی دیکەش دەگرێتەوە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە باسدەکات بەوەی، سەرەتا بەشێوەی ئازار و گرژبوونی ماسولکەکانەی سک و حەوز، هەروەها ئاوسانی سک، سکچوون و هێڵنج، نەمانی ئارەزووی خواردن، هەستکردن بە تێریی خێرا، تێکچوونی سوڕی مانگانە، دابەزینی کێش بەخێرایی.
باس لەوەدەکات، شێرپەنجەی هێلکەدان نیشانەی نادیاری هەیە، واتە دەکرێت ئەمانە ئاماژە بێت بۆ نەخۆشیەکانی تر، بۆیە گرنگە پشکنینی هەمەلایەنە بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابیت، هەروەها پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان ناتوانێت ئەم وەرەمە دەستنیشان بکات لەکاتی پشکنینی ژناندا، بۆیە پێویستە پشکنینی سۆنار و سی تی سکان و بایۆپسی بکرێت.
بە وتەی ئەو پزیشکە، ناتوانرێت لە سەدا سەد هۆکاری نەخۆشییەکە دیاری بکرێت، بەڵام کۆمەڵێک ژن هەن کە زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
ئەو ژنانەش بریتیین لە، “گرووپی یەکەم ئەو ژنانە لەخۆدەگرن کە گۆڕانکاریی BRCA1 و BRCA2 یان هەیە”، ئەم گۆڕانکارییە بۆماوەییە، بۆیە زۆر گرنگە پێشینەی خێزان لەبەرچاوبگیرێت، هەروەها ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجەی مەمک، بۆیە پێویستە خانمان ئاگاداربن ئەگەر گرێیەکی شێرپەنجەیی لە هێلکەدان یان رژێنی مەمکدا لە نێو خزمە نزیکەکانیاندا هەبوو، بەتایبەتی لە تەمەنێکی زوودا پێش تەمەنی چل ساڵی.
بوونی ئەم گۆڕانکارییە دەتوانرێت بە پشکنینی بۆماوەیی دیاری بکرێت، ئەگەر دۆزرایەوە، پێویستە ژنەکە شەش مانگ جارێک پشکنینی وەرزی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لە قۆناغێکی سەرەتاییدا گرێ شێرپەنجەییەکە دەستنیشان بکات، ئەمەش ئەگەری چاکبوونەوەی زیاتر دەکات”.
دەڵێت، ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵەوەیە، ئەو ژنانەی کە لە قۆناغی دوای وەستانی سوڕی مانگانە چارەسەری هۆرمۆنییان بۆ کراوە، ئەو ژنانەی کە تووشی نەخۆشیی لینچ سیندۆم و ئەندۆمیتریۆس بوون، هەروەها ئەو ژنانەی کە چارەسەری هۆرمۆنییان بۆ کراوە کە پەیوەندی بە نەزۆکییەوە هەیە، هەموویان لە گروپی مەترسیداردان بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی هێلکەدان .