نانی بەیانی و دابەزاندنی كێش.. توێژینەوەیەك “فێڵە گەورەكە” ئاشكرادەكات

شارەزایان هۆشداری دەدەن لەو بڕەی دەیخۆین

بەشێكی بەرچاوی خەڵك گرنگییەكی تایبەت بە نانی بەیانی دەدەن و پێیانوایە خواردنی، پێویستە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێشی جەستە، بەهۆی ئەوەی وزەی پێویست دەداتە لەش و بەهۆی درێژیی ماوەی ڕۆژ و بەكاربردنی خواردنەكە چەندێك بخۆیت گرفتت نییە، بەڵام ئەم باوەڕە ورد و تەواو دروست نییە.

دازید ئەلیسۆن، ڕاگری كۆلێجی تەندروستی لە زانكۆی ئیندیانای ئەمریكی دەڵێت، نەخواردنی نانی بەیانی كاریگەرییەكی زۆر سنوورداری هەیە لەسەر گۆڕینی كێشی جەستە.

توێژەر توێژینەوەیەكی لەبارەی ئەو پێگە گەورەیە ئەنجامدا كە ژەمی بەیانیان هەیەتی و، وایكردووە خەڵك باوەڕیان وابێت ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی هەیە لە كۆنتڕۆڵكردنی كێش و جوانیی ناوچەی ورگ و كەلەكە.

بەپێی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست”، بەربڵاوی ئەو بیروباوەڕە دەربارەی ژەمی بەیانی، بەشێوەیەكی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ ڕیكلامی كۆمپانیا ئەمریكییەكانی تایبەت بەو دانەوێڵانەی تایبەتن بە ژەمی بەیانیان.

لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا، بانگەشەی سوودی دانەوێڵەی بەیانیان وەك (كۆڕن فلێكس) لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا كرا و دەوترا دەبێتە هۆی زیادبوونی گەشەی منداڵ و بەهێزكردنی یادگەی پێگەیشتووان.

توێژەر پێیوایە كاریگەریی ڕیكلامەكانی كۆمپانیای (سی دەبلیو پۆست) لە ئەمریكادا بەهێز بووە، تەنانەت وایكردووە گرنگیی ژەمی بەیانیان لە تێڕوانینی خەڵكدا زیادبكات.

بەپێی سەرچاوەكە، كۆمپانیاكان پشتیوانیی ژمارەیەك لە توێژینەوەكانیان كردووە تا ڕێنوێنی خەڵك بكەن ژەمی بەیانیان پشتگوێنەخەن، بەهۆی ئەوەی سوودی جۆراوجۆری هەیە.

ئەم توێژینەوانە جۆرێك لە “فێڵكردن”ی تیابووە، بەهۆی ئەوەی تەنها باسی لە كێشی باشی ئەوانە كردووە كە ژەمی بەیانیان دەخۆن، بەڵام ئاماژەی بۆ هۆكارەكانی دیكە نەكردووە كە وایكردووە ئەو كەسانە دووربن لە قەڵەوی و خاوەن تەندروستییەكی باش بن.

توێژەر دەڵێت، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە بەشێوەیەكی زانستیی ورد و بەپلان دەربارەی ژەمی بەیانی، پێویستە نمونەی هەڕەمەكی وەربگیرێت، پاشان وابكرێت توێژێك لە بەشداربووان ژەمی بەیانیان بخۆن، لە بەرامبەردا ئەوانی دیكە ژەمەكە پشتگوێبخەن.

لە شیكردنەوەیەكدا كە لە ساڵی 2019 ئەنجامدرا، پشتبەست بە حەوت توێژینەوەی پزیشكی، دەركەوت ئەو كەسانەی خواستی بەردەوامیان لەسەر خواردنی ژەمی بەیانی هەبووە، كێشی زیادەی جەستەیان لەدەستنەداوە.

شارەزایان دەڵێت، مرۆڤ كێشی زیادەی جەستەی بە خواردنی ژەمی بەیانی لەدەستنادات، بەڵكو ئەوە بە كەمكردنەوەی كالۆری دەبێت لەماوەی ڕۆژەكەدا، ئەمەش واتە عیبرەت لەو بڕەدایە كە بەدرێژایی ڕۆژ دەیخۆین، نەك ئەوەی ڕۆژی پێدەكەینەوە.

س: سكای نیوز + ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

یەکێتی لە کەرکوک وەڵامی ئەرشەد ساڵحی دایەوە

بابەتی دواتر

سەدر: هەوڵی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ڕێگرییە لە حكومەتی زۆرینە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share