وەزیری تەندروستیی عێراق لەبارەی گەیشتنی ڤاکسینەوە ڕونکردنەوە دەدات

وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەی ڕێککەوتنی تەواوی کردووە بۆ گواستنەوەی ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر- بیۆنتیک و ئامادەکارییەکانیش تەواوبوون.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، “وەزارەتی تەندروستیی عێراق 140 بەفرگری تایبەتمەندی بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادەکردووە کە بەشێکیان لە بەغدادن و بەشێکی دیکەشیان لە پارێزگاکانی دیکەن”.

بە وتەی وەزیری تەندروستیی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەموو ئامادەییەکی ڕاگەیاندووە کە هەر هەنگاوێک بۆ گواستنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا پێویستی بە کۆمپانیای بیانی هەبوو ڕێککەوتنیان لەگەڵ واژوو بکەن.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکراشیکردووە، “پرسی گواستنەوەی ڤاکسین لە هەموو دونیادا پرسێکی هەستیارە و وڵاتانی دیکەی جیهانیش بە هەستیاری دەیبینن، بەڵام وەزارەت ڕۆژانە لەسەر هێڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان تا بتوانرێت ڤاکسینەکە بە سەلامەتی و بەخێرایی بگاتە وڵات”.

وەزیری تەندروستیی عێراق دڵنیایی داوەتە هاوڵاتییانی عێراق کە ئەوان هەمان ئەو ڤاکسینە دەکڕن کە لە هەموو جیهاندا بەکارهێنراوە و هیچ کاریگەرییەکی جەستەی خراپی نەبووە و لەگەڵ ئەوەش پڕۆسەی گواستنەوەی ڤاکسین بۆ عێراق لەژێر چاودێری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا دەبێت.

بابەتی پێشتر

یەکێتیی ئەوروپا داوا لە تورکیا دەکات دەمیرتاش بەخێرایی ئازاد بکات

بابەتی دواتر

دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share