وادەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئاشكراكرا

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وادەی دانیشتنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ئاشكرادەكات.

موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی دووشەممە 22ی ئایارەوە دەست بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ سێ ساڵ دەدات.

مەندەلاوی لە لێدوانێكدا بۆ میدیایەكی عێراقی ئەوەشی وت، “هیچ گرفتێك نییە رێگربێت لە بەردەم پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتی” و ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم فراكسیۆنەكان كۆكن لەسەر پەسەندكردنی.

دەربارەی دیاریكردنی وادەی دووشەممەش بۆ دەستكردن بە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكرد كە وادەكە “رێككەوتنی لەسەر كراوە”.

سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو پرۆژەیاساكە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرا و هەر لەو مانگەدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كرا.

بەپێی پرۆژەكە کۆی گشتیی بودجە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە لەو بڕەش كورتهێنانی دارایی بۆ ئەمساڵ 63 ترلیۆن و 275 ملیار دینارە.

نرخی نەوت لە پرۆژەكەدا بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، بە هەناردەكردنی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، لەو ژمارەیەش 400 هەزار بەرمیل لە هەرێمی كوردستانەوە دەبێت.

بابەتی پێشتر

کرێکارانی بیانی ساڵانە 600 ملیۆن دۆلار دەبەنە دەرەوەی وڵات

بابەتی دواتر

نەمامی دیكە لە شوێنی نەمامە شكاوەكانی سلێمانی دەچێندرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share