حکومەتی ئیسپانیا بەنیازە لە رێگەی ئاپێکەوە چاودێری بخاتە سەر پیاوانی وڵاتەکەی تا هاوکاری هاوسەرەکانیان بکەن لە کاروباری ناوماڵدا، ئەمەش بۆ ئەوەی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بپارێزن.
وەزارەتی یەکسانیی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، “لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین ئاپێک دەخەنە کار کە ئەرکی چاودێریکردنی پیاوان دەبێت لە ئەنجامدانی کارەکانی ناوماڵ هاوشێوەی ژنان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاپەکە هاوشێوەی Splitwise کاردەکات و ئەو کاتە دیاری دەکات کە پیاو لە کاری ناوماڵدا بەسەری دەبات”.
بەپێی ئامارێکی پەیمانگەی ئاماری نیشتمانیی ئیسپانی %45.9 ی ژنانی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، خۆیان کاروباری ناوماڵ بەڕێوەدەبەن لە کاتێکدا تەنها %14.9 ی پیاوانی وڵاتەکە کاری ناوماڵ دەکەن.
ئامانج لەم کارەی حکومەتی ئیسپانیا چەسپاندنی یەکسانی نێوان ژن و پیاوی وڵاتەکەیە و رەتکردنەوەی ئەو بیرۆکەیەیە کە پێیان وایە کاری ناوماڵ تەنها ئەرکی ژنانە.