بەهۆی هەورەبروسكەوە، ئاگر لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی خورماتوو و داقوق كەوتەوە و خەلەی گەنمی بەشێك لە هاوڵاتییان سووتا.
دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی چڕبوونەوەی پەڵەهەورەكان و لێدانی هەورەبروسکەوە، ئاگر لە دەوروبەری چیای هەنجیره لە باکووری قەزای خورماتوو کەوتەوە و بەپێی زانیارییەكان، خێرایی با هێندەی تر ئاگرەکەی زیادکردووە و مەترسیی لەسەر گوندەکانی قوم پەڵک و لەک و چەندین گوندی ناوچەی داودە دروستکردووە.
هەر ئەمڕۆ بەهۆی هەورەبروسکەوە، ئاگر لە چەند زەوییەكی كشتوكاڵیی سنووری خورماتوو و رێگای نێوان خورماتوو و داقوق کەوتەوە و خەلەی گەنمی بەشێك لە هاوڵاتییان سووتا.
پێشتر شارەزایانی كەشناسی، هۆشدارییان دابووە جوتیارانی ناوچەی گەرمیان خەلەی گەنم و بەرهەمەكانیان بدوورنەوە و رایانگەیاندبوو، “لەم هەفتەیەدا ئەگەری كەوتنەوەی ئاگر بەهۆی هەورەبروسكەوە هەیە”.