ناوەندێکی مافی مرۆڤی عێراقی رایگەیاند، رێژەی جیابوونەوە لە عێراق بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە، بە رێژەی 19 هەزار حاڵەت لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا کە دەکاتە نۆ حاڵەت لە هەر کاتژمێرێکدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، “عێراق بەردەوام زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە تۆماردەکات و لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 19 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە، بە رێژەی نۆ حاڵەتی جیابوونەوە لە کاتژمێرێکدا”.
حازم روداینی، جێگری سەرۆکی ناوەندەکە دەڵێت، “ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ رێژەیەکی بەرز و مەترسیداری جیابوونەوە و بەغدادیش لە پلەی یەکەمدایە لە بەرزیی ئامارەکانی جیابوونەوە، دواتر بەسرە پلەی دووەمی گرتووە.
هۆشداریدا لە بەردەوامی رێژەی بەرزی جیابوونەوە لەناو کۆمەڵگەدا، کە بە وتەی ئەو، “زۆربەی ئەو رێژەیە دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری ئابووری و رێژەی زۆری هەژاری و بێکاری، هەروەها بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیریی منداڵانەوە رێژەکە بەردەوام بەرزدەبێتەوە”.
سەرۆکی ئەو ناوەندە عێراقییە داوا لە حکومەت دەکات “کاربکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە کۆمەڵایەتییەکانی جیابوونەوەی هاوسەران”.
وە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، نوێنەری سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، “زیاتر لە 25%ی ژنانی عێراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری دەکەن”.
ناوەندەکە ئاشکراشی کرد، “1.5%ی ژنانی عێراق جیابوونەتەوە، بەپێی ئەنجامی ئەو راپرسییەی کە بە هاوکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامیانداوە”.