بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە كوردستانییەكان جێبەجێدەكرێن و سودانی بڕیاری دا كاركركردن لە پڕۆژەی هاوشێوەدا بكرێت بە 24 كاتژمێری.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا كاركردن لە پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریدا بە سێ شەفتی رۆژانە بێت و بكرێت بە 24 كاتژمێری.
نووسینگەی سەرۆك وەزیران، نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتە خزمەتگوزارەكان كردووە و ئامانجی بڕیارەكەی گەڕاندووەتەوە بۆ خێرا جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری.
لە لێدوانێكیشدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، د. كەریم شكور جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دوای خستنەگەڕی هەوڵەكانیان لە بەغداد، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جێبەجێدەكرێن و وتی، “هەڵمەتێكی چڕی ئاوەدانكردنەوەی خورماتوو دەستیپێكردووە، كە خۆی لە دروستكردنی رێگا و قیرتاوكردنیان و بونیادنانی هۆڵی وەرزشی، باخچە، هۆڵی بۆنەكان و چەندین پڕۆژەی دیكەدا دەبینێتەوە”.