وردەكاریی پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە توێژێكی مووچەخۆران ئاشكرادەكرێت

پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەرپرسێكی سەندیكایی وردەكارییەكەی و چۆنیەتی سوودمەندبوون ئاشكرادەكات.

ئەمڕۆ لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بواری ئۆتۆمبێل واژووكرد، بەمەبەستی دابینكردنی ئۆتۆمبێل بۆ كارمەندان بەشێوەی قیست و داشكاندن.

هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لەناو پێشانگای كۆمپانیاكەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەو رێككەوتنەیان خزمەتێكی بچوكیان بە كارمەندانی تەندروستی و چین و توێژەكانی دیكەی ناو ناوەندی تەندروستی كردووە.

وتیشی، “كۆمپانیاكە كە ماوەی سێ مانگە لە سلێمانی دامەزراوە، داشكاندنیان بۆ كارمەندانی تەندروستی كردووە”.

جیاواز لە كڕیارێكی دیكە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك بڕی هەزار دۆلاری ئەمریكی بۆ كارمەندان دەگەڕێندرێتەوە، هەروەك پارە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەش دەگەڕێندرێتەوە، وەك ئەوەی هاوژین عوسمان ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ بانك و لایەنێكی سێیەم لەنێوان كڕیار و كۆمپانیادا نییە، بەمەش هیچ كێشەیەكی شەرعی و ئاینی لە مامەڵەكەدا نییە.

بەرپرسەكەی سەندیكا روونیشكردەوە، كڕیار دەتوانێت بڕی 40%ی پارەی ئۆتۆمبێلەكە بدات و ئەوی دیكەشی بە قیستی مانگانە لە ساڵێكەوە تا سێ ساڵ بداتەوە.

ئەوەشی باسكرد، كۆمپانیاكە وەرشەیەكی گەورەی تایبەت بە چاككردنەوە دامەزراندووە، بەپێی رێككەوتنەكە تا شەش ساڵ زەمانی بزوێنەر، گێڕ و بواری كارەباییات بۆ ئۆتۆمبێلەكان دەكرێت.

دەربارەی مەرجەكانی سوودمەندبوونیش هاوژین عوسمان رایگەیاند، مەرجە كارمەندی تەندروستی ئەندامی سەندیكاكەیان بێت و پشتگیریی سەندیكای پێبێت، هەروەك نووسراوی پشتگیریش دەدەن بە پزیشك، فەرمانبەر و كارمەندانی تاقیگەكان كە ئەندامی سەندیكاكەیان نین و لە بواری تەندروستیدا كاردەكەن، تا بتوانن ئەوانیش سوودمەندبن.

بابەتی پێشتر

کەشتییەکی ئاسمانیی چینیی گوماناوی دوای نزیکەی 300 رۆژ گەڕایەوە سەر زەوی

بابەتی دواتر

توێژەرێك سێ هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share