ئەمشەو شەوی یەڵدایە

یەڵدا لە چییەوە هاتووە؟

شەوی یەڵدا یان شەوی (هەڵگەڕانەوەی زستان) و بە ئینگلیزی (Longest Night) ناسراوە، دەکاتە درێژترین شەو و کورتترین رۆژ لە جیهاندا، لە ڕووە زانستیەکەیەوە کاتێک ڕودەدات کە خۆر دەکەوێتە گەورەترین خاڵی سەر هێڵی ناوەڕاستی زەوی، بەپێی ڕۆژژمێری زاینی شەوی یەڵدا لە نیوەی باکوری زەوی، لە نێوان (20) بۆ (23)ی کانونی یەکەمی هەمو ساڵێک ڕودەدات و لە نیوەکەی باشوریش لەنێوان (20) بۆ (23) ی حوزەیراندا ڕودەدات.

لە کوردیدا بە شەوی یەڵدا یان چلە ناسراوە و یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژووییە کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لەنێوان نەتەوەکانی هیند و ئاری نەتەوەکانی میزۆپۆتامیا.

لەدواین شەوی پایزدا لەنیوەی باکوری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، لەو شەوە بەدواوە شەو کورت دەبێت و ڕۆژ درێژدەبێتەوە، بەشێک لە شاعیرانی کورد و فارسیش ئاماژەیان بەو شەوە کردووە.

لەنێو شاعیرانی كورددا شیعرەكەی نالی دیارترینە:

شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەم شەو
كە دیدەم دور لە تۆ بێ نورە ئەمشەو؟
دڵم وەك حاكمی مەعزولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو

لەلای ئایینی زەردەشتیش خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانی وتن و ھەڵپەڕکێ شەونخونیان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون، ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتیەکان بە “مەیزەد” ناسرابوو چەرەسەکەش پێی دەوترا “لۆرک”. لە نەزرگە و پەرستگەکانی میترایی نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکی و ئەھریمەندا ئەو نزایەش پێیدەوترا “نی یەد”. خەڵک کە بە ئاھەنگ گێران و شەونخونی شەوی یەڵدایان بەسەردەبرد.

شەوی یەڵدا بەیەكەم شەوی (چلەی گەورە) دادەنرێت، بەپێی سەرچاوەكان لە خۆرهەڵاتی كوردستان دوو چلە هەیە، چلەی گەورە كە لەیەكەم ڕۆژی زستانەوە دەستپێدەكات، دوای تەواوبوونی ئەو چل ڕۆژە، (چلەی بچووك) دەست پێدەكات كە بە هەردووكیان دەكاتە هەشتا ڕۆژی تەواو.

واتای یەڵدا
بەپێی شارەزایانی زمان وشەی (یەڵدا) لە زمانی سریانی دا واتە (لەدایكبوون) و بەپێی هەندێك لە سەرچاوە سریانیەكانیش (مەسیح) لەو شەوەدا لەدایكبووە. هەندێكی تر دەڵێن وشەی یەڵدا بەمانای (سەركەوتن)ی ڕۆژ دێت بەسەر تاریكیدا و بەشێكیش بە كودەتای سروشت ناویدێنن.. دەگوترێت لە ئاینی زەردەشتی دا كە بەمانای لەدایك بوونەوەی خۆر دێت- واتە لە دایكبوونەوەی –میترا-ی خواوەندەی خێرە و كۆتایی هاتنە بە ئەهریمەن (خواوەندی شەڕ و خراپە).

بۆچی وەكو جەژن سەیر دەكرێت؟
هەر لە سەردەمە كۆنەكانەوە كە خەڵكی لە ژیانێكی سروشتی و سەرەتاییدا بوون تائێستا سودی جۆراوجۆر لە خۆر بینراوە و زۆرینەی گەلانی پێشووش وەك گەرمكەرەوە و ڕوناكی بەخش لە -خۆر-یان ڕوانیوە و لەو ڕوانگەیەشەوە هەندێكیان وایانزانیوە خۆر (خودایە) و پەرستویانە، هەربۆیە بەشێك لە هۆكاری بڵاوبوونەوەی زیندووڕاگرتنی شەوی یەڵدا پەیوەندی بە ڕوانگەی –ئاینیی مرۆڤ- ەوە هەیە و لەبەرئەوەی ماوەی دیارنەمانی خۆر زۆرترین كات بووە و لەدوای ئەو شەوەوە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت هەر بۆیە وەك بۆنە (جەژن)ێك وەریدەگرن.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە لە کۆبوونەوەدایە

بابەتی دواتر

بانکی ناوەندی: بەهای دۆلار لە ئەمڕۆوە جێگیرە و ناگۆڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share