ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، دوو ملیۆن و 500 هەزار عێراقی هەن کە هێشتا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، ئەمە سەرەڕای زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقیی دیکە کە ئێستا هاوکاری وەردەگرن.
ئەو ئاژانسە ئەمریکییە کە بە پلەی یەکەم بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی یارمەتییە دەرەکییە مەدەنییەکان و هاوکارییەکانی پەرەپێدان، لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە داتاکانی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە عێراق بەستووە، هاوکات بوونی 261 هەزار و 929 پەنابەری سووری پشتڕاستکردووەتەوە له وڵاتهكهدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای باشتربوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاستی ژیان لە ساڵی 2012 تا 2022، کەلێنی بەرفراوان لە کوالێتیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەیە.
رۆژی 19ی نیسان، حکومەتی عێراق کەمپی ئەلجەدەعی لە گەیارە لە باشووری شاری موسڵ داخست، کە 342 خێزانی ئاوارەی ناوخۆی تێدابوو (زیاتر لە هەزار و 500 کەس) لەو کاتەی داخرا لە کامپەکەدا بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، داخستنی لەناکاوی کەمپی ئەلجەدەع، پێچەوانەی ئەو زانیاریانەیە کە پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ هاوبەشە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان خستبوویەڕوو.
دوای ساڵانێک لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ داخستنی کامپی ئاوارەکان لە سەرتاسەری وڵات، هەروەها بۆ پێشخستنی سیاسەتی گەڕانەوە، کەمپی ئەلجەدەع دوا کەمپی مانەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان بوو لە عێراقی فیدراڵی، بەڵام هێشتا 25 کەمپ بۆ ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، ماونەتەوە.
راپۆرتە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە “ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانیان هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، لە ئەنجامی گرژی کۆمەڵایەتی و نائەمنی، بەپێی هەڵسەنگاندنی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ.
بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە باشتربوونی ئاستی ژیان و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان کراوە لە ساڵی 2012 تا 2022، چونکە تەنها 1%ی گەڕاوەکان لە ماڵەکاندا دەژین کە بارودۆخی ماددی خراپیان هەیە، وەکو پەناگەیەکی ناچاری کە چادر یان بینا تەواونەکراوەکانن.
جگە لەوەش، گەڕاوەکان بە USAIDیان وتووە کە “ئاستی ژیانیان تاڕادەیەکی زۆر گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش ململانێ”، بەڵام تەحەدای نائەمنی و ئابووری بەردەوامە، یەکێک لە هەر سێ خێزانێکی گەڕاوە باسیان لەوەکردووە، “پارەی پێویستیان نییە بۆ کڕینی خۆراک، یان شتومەکی سەرەکی دیکە”.