دیبەیتەكەی نێوان عەبدولەتیف سەلەفی و مەریوان هەڵەبجەیی دەكرێت؟

مەریوان هەڵەبجەیی ئامادەیی پیشاندا لەو دیبەیتەدا ئامادەبێت كە تۆڕی میدیایی ئێستا بڕیاریدابوو ڕێكی بخات، ڕكابەرەكەشی كە عەبدولەتیف سەلەفی-یە لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕەتیكردەوە ئامادەی ئەو دیبەیتە بێت.

پاش ئەوەی چەند جارێك باس لە سازكردنی دیبەیت لەنێوان هەردوو كەسایەتیی كورد، مەریوان هەڵەبجەیی و عەبدولەتیف سەلەفی دەكرا و تۆڕی میدیایی ئێستا ئامادەیی دەربڕی بۆ ڕێكخستنی دیبەیتێكی لەو جۆرە، هەردوولایان لە پەیجی فەرمی خۆیان وەڵامیان دایەوە.

بێ دوو دڵی و بێ ھێنانەوەی ھیچ پاساوێک، دەڵێم زۆر بە سوپاسەوە من ئامادەم

دوێنێ هەینی 18ی كانونی یەكەم، مەریوان هەڵەبجەیی، كە وەك ڕەخنەگری ئاینی ناسراوە لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند، “دوایەمین ئۆڤەرە و ئیتر ئەم بابەتە دادەخەم، ئەویش ئەوەیە کە تۆڕی میدیایی (ئێستا) کە لەم نێوەندەدا بێ لایەنن، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ڕێکخستنی دیبەیتەکە، منیش، وەک ھەمیشە، بێ دوو دڵی و بێ ھێنانەوەی ھیچ پاساوێک، دەڵێم زۆر بە سوپاسەوە من ئامادەم”.

پاش بەدەمەوە هاتنی مەریوان هەڵەبجەیی بۆ دیبەیتەكە، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە پەڕەی فەرمی عەبدولەتیف سەلەفی، مامۆستای ئاینی ئەمڕۆ شەممە 19ی كانونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە ڕاگەیەندراوە، “مەریوان هەڵەبجەیى هەر پێش دیبەیتەکە لە لایڤێکیدا جنێوى زۆرى دا بە دکتۆر و تێکڕاى بانگخوازە موسڵمانەکان، خۆشى پێشبینى ئەوەى کرد کە تازە دواى ئەم ‘بێ ڕێزی’یانەى لەوەیە پەیوەندیەکە بپچڕێت و دیبەیتەکە نەکرێت”.

ئیتر تەواو هیچى تر موسڵمانان کاتی خۆتان بەم باسەوە بە زایە مەدەن

لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە لە پەڕەی فەیسبووكی عەبدولەتیف بڵاوكراوەتەوە ئەوەشی خراوەتەڕوو، “لەبەر خاترى سەرخستنى دینەکەى خوا و پوچەڵکردنەوەى شوبهە شەیتانییەکانى دکتۆر تەنازولى لە مافى خۆى کرد و کەسایەتیی خۆى کردە قوربانیی ئاینەکەى خوا، هەر قەبوڵى کرد دیبەیتى لەگەڵدا بکات و هەفتەیەکى ترى بۆ درێژکردەوە، بەڵام پێى وت بەسیەتى پۆست کردن و لایڤ کردن، وەرە شوێن و کاتى دیبەیتەکە دیارى بکە، نامەشى نارد بۆ پەیجى (ئێستا) کە ڕازییە ئەوان دیبەیتەکە ساز بکەن”.

“بەڵام مەریوان چونکە تواناى ڕوبەڕوبوونەوەى زانستی نەبوو، دووبارە پێش دیاریکردنى کات و شوێن، لە کۆتا لایڤیدا هەموو سنوورێکى بەزاند و ئەمجارەیان بە جنێودان بە دکتۆر و موسڵمانانەوە نەوەستا، بەڵکو ڕووى ‘بێ ئەدەبییەکانى’ کردە سەر پیرۆزییەکانی ئیسلام و بێڕێزییەکی زۆرى کرد بەرامبەر خوای گەورە و پێغەمبەری خۆشەویستمان محمد صلى الله علیه وسلم و خێزانەکانى و قورئانى پیرۆز”، وەك پەیجەكەی عەبدولەتیف باسی لێوەكردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “بە تەواوى مەریوان خۆى ڕزگار کرد لە ڕوبەڕوبوونەوەكە، بە پێشێلکردنى گەورەترین مەرجى نێوانمان؛ چونکە ئەو باش دەزانێت کە هیچ مسوڵمانێک بەوە ڕازی نیە دیبەیت بکرێت لەگەڵ کەسێکدا کە بە ئاشکرا و بێ شەرمانە تۆمەتى زینا بداتە پاڵ پێغەمبەر و خێزانەکانى، بەڵکو ئەو جۆرە کەسانە پێویستە پشتگوێ بخرێن و حیسابیان بۆ نەکرێت و دانیشتنیان لەگەڵدا نەکرێت، ئەوان بەڵگەیان پێ نییە تاوەکو بە زمانى زانست و عەقڵ قسە بکەن، لەبەر ئەوە بۆ خۆ ڕزگارکردن پەنا دەبەنە بەر زمانى چەواشەکارى و جنێو و سوکایەتیکردن بۆ ئەوەى نەفامی و شکستیان دەرنەکەوێت و دیبەیت نەکرێت”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی مامۆستا ئاینییەكەدا هاتووە، “ئیتر تەواو هیچى تر موسڵمانان کاتی خۆتان بەم باسەوە بە زایە مەدەن و دڵنیاش بن کە کاروانی ئیسلام و موسڵمانان هەر بەرەو پێش دەڕوات و بێدین و لاڕێبووەکانیش دەچنە زبڵدانی مێژووەوە ئەمڕۆ یان سبەى”.

 

پێشتر تۆڕی میدیایی ئێستا ئامادەیی پیشاندا بۆ ڕێكخستنی دیەبیت لەنێوان ئەو دوو كەسایەتییەكە و چەند مەرجێكی بۆ دیبەیتەكە خستەڕوو.

مەرجەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا بریتی بوون لە؛

یەکەم: دیبەیتەکە ڕوبەڕوو و ڕاستەوخۆ دەبێت.

دووەم: جگە لە قەڵەم و کاغەزێکی سپی لەبەردەم هەردووکیاندا هیچ هۆکارێکی دیکەی بینین و بیستن ئامادە ناکرێت.

سێیەم: جگە لە پەخشی تۆڕی میدیایی ئێستا ئێمە هاوکار دەبین بۆ هەردوو بەڕێزان تا بتوانن لە پەیج و کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئامۆژگارییەوە دیبەیتەکە پەخش بکەن.

چوارەم: بۆ ئەوەی هیچ گرژییەک ڕوونەدات، داوا لە هەردوو بەڕێزان دەکەین لە ماوەی 48 کاتژمێردا ڕەزامەندیی خۆیان لەسەر ئەم ناوەڕۆکە نیشان بدەن و بێ ڕوونکردنەوە لە پەیجەکانی خۆیان بڵاویبکەنەوە.

پێنجەم: دوای ئەو 48 کاتژمێرە تۆڕەکەمان لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا ئامادەکاریی دیبەتەکەی ئەو دوو کەسایەتییە دەکات.

بابەتی پێشتر

وەزیرێكی عێراق: دەبێت موچەی فەرمانبەر لەسەر بنەمای ئەرك و لێهاتوویی دیاریبكرێت

بابەتی دواتر

موقتەدا سەدر لەبارەی دابەزاندنی بەهای دینارەوە هاتە دەنگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share