سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، جەختدەكاتەوە لە جێبەجێكردنی كارنامەی تایبەت بە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دوورخستنەوەی دەستی سیاسییەكان لە لێكۆڵینەوەكان و پرۆسەی چاودێریكردن.
دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق دەڵێت، “پێویستە بە هێزەوە كاربكرێت بۆ سەرخستنی بڕگەكانی كارنامەی حكومەت كە تایبەتەن بە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و كەمكردنەوەی لە دامەزراوەكانی وڵاتدا”.
بەپێی راگەیەندراوی دەستەی دەستپاكی، حەنون ئەمڕۆ یەكشەممە جەختیكردووەتەوە لە پێویستیی دوورخستنەوەی سیاسەت و تایەفەگەری لە كاری چاودێریكردن و لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی و رایگەیاندووە، “دەبێت بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە” و داوای لە نووسینگەكانی سەر بە دەستەی دەستپاكی لە پارێزگاكان كردووە، هەوڵبدەن لەپێناو دۆزینەوەی بەڵگەی پێویست بۆ سزادانی گەندەڵكاران.