وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم روونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی هێڤیدار ئەحمەد بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت
قسەكانی هێڤیدار راست نین و ئەو پسووڵەیەی باسیدەكات سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە نەك ئاوەدانكردنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە بەرنامەیەكی تەلەفیزیۆنیدا هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان باسی دیارنەمانی پارەی سلێمانی و باسی جۆرە پسووڵەیەك دەكات كە گوایە تەزویركراوە لە بەڕێوەبەرایەتیی وێستگەی كێش لە سلێمانی كە سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنە، ئێمە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە رەتدەكەینەوە و لەرێی ئەم روونكردنەوەیەوە بۆ رایگشتی ئاشكرادەكەین:-
1. بابەتی دیارنەمانی پارە و ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی كردووە هیچ پەیوەندییەكی بە بەڕێوەبەرایەتیی وێستگەكانی كێشی سەر بە وەزارەتمانەوە نییە و زانیارییەكانی ئەو پەرلەمانتارە دروست نییە و پسووڵەی (38ێ) پسووڵەی سزاكانی هاتوچۆیە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوەی پەیوەندی بە وێستگەكانی كێشەوە هەیە پسووڵەی (37ێ)ە كە جۆرێكە لە رسوومات.
2. پەیوەست بەو بابەتەش دیوانی چاودێریی دارایی بە دوور و نزیك باسی وێستگەكانی كێشی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی نەكردووە.
3. بۆ بەرچاوروونی رایگشتی، ئەو كێشەیەی باسدەكرێت كە وەك ئەو بەڕێزە دەڵێت «پسووڵە تەزویركراوە» لە پسووڵەی غەراماتی هاتوچۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و لەئێستادا لە دادگایە و لە پڕۆسەی لێكۆڵینەوەدایە، ھیچ پەیوەندییەكی بە بەڕێوەبەرایەتیی وێستگەكانی كێش و وەزارەتمانەوە نییە.