ئاسایشی راپەڕین دەستگیركردنی دوو باندی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و دەستبەسەراگرتنی بڕێكی زۆر لەو ماددەیە لە دوو چالاكیدا رادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین رایگەیاند، بەشی ماددە ھۆشبەرەکان بە پشتبەستن بە زانیاری و بەدواداچوونی وورد، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی رانیە “دوو چالاکیی گرنگی” ئەنجامدا.
چالاكیی یەكەم لە 12ی نیساندا ئەنجامدرا و تیایدا دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (س.ك.أ.) و (ك.ر.ح.) بە چەند جۆر و بڕێکی جیاوازی ماددەی ھۆشبەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستگیركران، كە یەکێک لە تۆمەتباران دانیشتووی شاری ھەولێرە.
جۆر و بڕی ماددە هۆشبەرەكان وەك ئەوەی ئاسایشی راپەڕین ئاماژە پێداوە بریتین لە، (1000 گم هیرۆین، هەزار و 500 گم تریاك، 500 گم ماریجوانە و 50 گم كریستاڵ).
لە چالاكیی دووەمدا كە لە 9ی نیسان ئەنجامدرا، هێزەكانی ئاسایشی راپەڕین دەستیانگرت بەسەر 56 گم ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ كە بەشێوەی شاراوە لەناو 17 (قوتوی كەتیرە)دا بوو و، ئامادەکرابوو بنێرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.