وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لەبارەی کوژرانی دوو کەسەوە لە ماڵێکدا لەگەڕەکی شارەوانی ئەو شارە ڕونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، “ئەو دوو کەسە لە شەوی ڕابردوودا بە چەک کوژراون”.
بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 18ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاند، “لەو ماڵەدا کە تەرمەکانی تێدا دۆزراوەتەوە دوو چەک هەبوون و هەردوو چەکەکەش تەقەیان پێکراوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە یەک کەس یان زیاتر تاوانەکەی ئەنجامداوە”.
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند، “لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە و ئەو دوو کەسەی کە کوژراون خزمی یەکدین”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی دوو کەس کە خاڵۆزا و خوشکەزای یەکترن لە گەڕەکی شارەوانی هەڵەبجە دۆزرانەوە کە ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوە بووە.