مەڵبەندی یەكێتی: ماوەیەكە كۆمەڵێك گروپی رەفتار چەتە پەلاماری خەڵكی هەولێر دەدەن

مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی دەستدرێژكردنە سەر پارێزەرەكەی هەولێر ئیدانە دەكات و پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت، “بە هەموو شێوەیەك زیندووكردنەوەی كەلتووری سەر و برۆ تاشین بەرامبەر بە هەولێرییەكان ڕیسوا دەكەین”.

لە پەیامەكەدا هاتووە، “ماوەیەكە كۆمەڵێك گروپی رەفتار چەتە و ڕێگری چەكدار، ناوە ناوە پەلاماری خەڵكی بێ تاوان و بێ چەكی هەولێر دەدەن و سووكایەتیان پێدەكەن”.

مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر راشیدەگەیەنێت، ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە، ئەم ڕەفتارە دڕندانەیەی سەر و برۆ تاشین، كە كەلتوورێكی قێزەونی كۆن و دواكەوتووی نامرۆڤانەیە، یەكەمجار لە 26ی 9ی 2016 بەرامبەر پێشمەرگە هێمن عەبدولخالق بنەسڵاوەیی هەر لەناو شاری هەولێر لەلایەن چەند چەكدارێك ئەنجامدرا پاشان لەودیو بازگەی دێگەڵە فڕێدرا.

هەر لە پەیامەكەدا هاتووە، لە ماوەی مانگێكدا ئەم كردەوە نامەردانەیە بەرامبەر گۆرانیبێژێكی میللی و دوێنێش بەرامبەر بەو پارێزەرە ئەنجامدراوە كە زیندووكردنەوەی كەلتووری كۆنی نامرۆڤانەی سەروبرۆتاشین لەهەولێر ژیان و كەرامەتی كۆمەڵێك لە هاوڵاتییانی لەكەدار كردووەو هەموو خەڵكیشی نیگەرانكردووە.

مەڵبەندی هەولێر جەختدەكاتەوە ئەم كردەوە تاوانكارییانە، خەریكە ئەم كەلتوورە قێزەونە نامەردانەیە زیندوودەكاتەوە و هەڕەشەیەكی جددیشە بۆ سەر هەولێریەكان، داوا لەپۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر دەكەین بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن و هەولێر لەم دیاردە ناشارستانیانە پاكبكەنەوە و شكۆ و كەرامەتی خەڵك بپارێزن.

ئەوەی بەرامبەر بە پارێزەر محەمەد یابە كراوە كاریگەری خراپ و نیشانەی پرسیاریش دەخاتە سەر كۆی پیشەی پارێزەری و دادگەكانیش، چونكە پارێزەران لەپاراستنی مافی بریكارەكانیان قەڵغانی یەكەمن لە دوای دادگەكانەوە.

بابەتی پێشتر

بریكاری وەزارەتی داد: دەستدرێژیكردنە سەر پارێزەرەكەی هەولێر دەستدرێژییە بۆ شكۆ و كۆی تەواوی خێزانی داد و دادوەری

بابەتی دواتر

محەمەد گۆران: یەك یەك، نۆرەی هەمووان دێ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share