سبەینێ یادی كارەساتی جینۆسایدی ئەنفالە و تا ئێستا كەسوكار و خانەوادەكانیان وەك پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە و تەنانەت مووچەكانیان بە رێژەی 25% لێبڕینكراون و بەشێكیان مووچەكانیان بە تەواوەتی بڕدراون، كەچی حكومەتی راسپاردە ئامادەنییە گوێیان لێبگرێت.
بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو، كەسوكاری ئەنفالكراوان ئەوانەی كە مووچەكانیان لەلایەن حكومەتی راسپاردەوە بڕدراون، سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە، بەڵام نەك لەلایەن سەرۆكی حكومەتی راسپاردەوە پێشوازییان لێنەكراوە و كێشەكانیان چارەسەرنەكراون، بەڵكو تەنانەت رێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوێنەرانی كەسوكاری ئەنفالكراوان، بەهۆی ئەوەی گوێ لە داواكارییەكانیان ناگیرێت، كەسوكاری ئەنفالكراوان لە ناچاریدا 11 جار لە سەرشەقام و لە بەردەم تەلاری ئەنجومەنی وەزیراندا خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، كەچی فشارەكانیان بێهوودە بوون و هیچ گوێیەكیان لێنەگیراوە.
وەك خۆیان دەڵێن، هیچ جارێك لەو 11 جارە سەرۆكی حكومەت ئامادەنەبووە بیانبینێت و گوێیان لێبگرێت، تەنانەت وەڵامی داواكارییەكەشیان لەبارەی مووچەكانیانەوە نەدراوەتەوە.