پێگه‌یه‌كی ئه‌مریكی زانیاریی نوێ له‌سه‌ر هێرشی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ئاشكراده‌كات

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

پێگه‌یه‌كی ئه‌مریكی لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ئاشكرایده‌كات كه‌ به‌ر له‌ هێرشه‌كه‌ “توركیا ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ جێپێی ئه‌مریكییه‌كانتان هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌واڵگری ئه‌مریكاش فڕۆكه‌ بێفرۆكه‌كانیان ده‌ستنیشان كردووه‌”، هه‌روه‌ك دەڵێت، “ڤیدیۆی هێرشه‌كه‌ش هه‌یه‌ و ئامانجه‌كه‌ش لێدانی ئه‌و كاروانه‌ بووه‌ كه‌ مه‌زڵوم عه‌بدی و تیمی سه‌ربازیی ئه‌مریكای تێدابووه‌”.

گۆڤار و پێگه‌ی Washington examiner راپۆرتێكی بڵاوكردوته‌وه‌ كه‌ مایكڵ رۆبن رۆژنامه‌نووس و توێژه‌ر ئاماده‌یكردووه‌ تیایدا باسی رووداوه‌كه‌ و كۆمه‌ڵێك گریمانه‌ و پێشنیاز ده‌كات.

ده‌قی راپۆرته‌كه‌:

رۆژی 7-4-2023، ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌زلوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و هاوپه‌یمانیی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی دژی داعش، كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ سلێمانی، كوردستانی عێراق كۆتایی پێهێنا، ئه‌و ماوه‌یه‌ك بوو له‌گه‌ڵ هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تی ناوخۆیی كورد و به‌رپرسانی ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌.

گروپه‌كه‌ پێكه‌وه‌ به‌ كاروانێك به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی ناوچه‌كه‌ رۆیشتن، له‌وێ پلانیان دانابوو كه‌ مه‌زلوم ببینن كه‌ به‌ گه‌شتێكی كورت هاتبوو و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ رۆژئاوای كوردستان.

له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ سه‌یری ڤیدیۆیه‌كی چاودێریم كردووه‌، پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری SUV تێده‌په‌ڕن. دوای سێ چركه‌ مووشه‌كێك كه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ته‌قێنراوه‌ به‌درێژایی كه‌ناری ڕێگاكه‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌.

گرێبه‌سته‌ نوێیه‌كه‌ی عێراق بۆ نه‌وت هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌
هه‌واڵگری ئه‌مریكا به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیایان له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ستنیشان كرد و توركه‌كانیان ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ شوێنپێی ئه‌مریكییه‌كان هەڵدەگرن؛ كاربەدەستە توركه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ گرنگی پێناده‌ن. له‌ كاتێكدا هه‌ندێك له‌ رۆژنامه‌نووسان گریمانه‌یان كردووه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ی توركیا به‌ ئه‌نقه‌ست و ته‌نیا هۆشدارییه‌ك بووه‌ بۆ واشنتۆن، به‌ڵام راستییه‌كان “ئه‌مه‌ پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌”، به‌ڵكو به‌هۆی بارانبارینی زۆری پێشووتره‌وه‌ زه‌ویه‌كه‌ تێرئاو و قوڕاوی بوو. ده‌وترێت مووشه‌كه‌كه‌ پێش ته‌قینه‌وه‌ی چووه‌ته‌ قووڵایی زه‌وییه‌وه‌، ره‌نگه‌ شێداری زه‌وییه‌كه‌ ژیانی ئه‌مریكییه‌كانی له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ رزگار كردبێت، بێجگه‌ له‌ ژیانی مه‌زلومیش.

ئه‌ردۆغان، شه‌ش هه‌فته‌ی تر رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌وه‌
شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ردۆغان ئابوریی توركیای تێكشكاندووه‌، هه‌روه‌ها دوو ده‌یه‌یه‌ میدیاكان توركیای گۆڕیوه‌ بۆ هاندان له‌ دژی ئه‌مریكا و ئێستا توركیا دژترینی ئه‌مریكایه‌ له‌ جیهاندا، به‌ ئامانجگرتنی مه‌زڵوم كه‌ وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌ی توركیا به‌رده‌وام به‌ تیرۆریست ناوی ده‌بات و هه‌روه‌ها به‌ كوشتنی ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌ردۆغان ده‌توانێت مه‌یلی ناسیۆنالیستی و ره‌گه‌زپه‌رستی و دژه‌ ئه‌مریكی له‌ توركیا بۆخۆی رابكێشێت.

ئێستا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جۆ بایدن چ كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌بێت؟
له‌ كۆشكی سپی دا مه‌یلێكی پڕ له‌ كێشه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووداوی وه‌ك ئه‌مانه‌ په‌رده‌ پۆش بكه‌ن و بیشارنه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئێستاوه‌ ده‌ڵێت: “هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك ره‌نگه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان قازانجی هه‌بێت بۆ ئه‌ردۆغان، به‌ڵام رێگه‌دان به‌ ئه‌ردۆغان به‌بێ سزا، ته‌نیا هانی ده‌دات كه‌ ره‌فتاره‌ ناپاكه‌كانی خۆی زیاتر بكات”.

به‌ڵكو كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هۆشداری به‌ ئه‌ردۆغان و ئه‌و توركانه‌ بدرێت كه‌ پشتگیری ده‌كه‌ن، ئاگاداربكرێنه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك كردار “هێڵی سوورن”.

جگه‌ له‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی زۆره‌ملێ به‌رامبه‌ر به‌ هێرشی توركیا بۆ سه‌ر كارمه‌ندانی ئه‌مریكی له‌ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی دا، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌خلاقی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان تێكده‌دات، كاتێك هه‌مان كارده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ بایدن ده‌ستبه‌جێ سزای كۆمپانیای بایراكدار دا بسه‌پێنێت، كه‌ فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا دروستده‌كات، ئێستا له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌فریقا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تیرۆر بڵاوده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ كۆشكی سپی پڕوپاگه‌نده‌ی توركیا وه‌لابێت و فه‌رامۆش بكات كه‌ ده‌ڵێن، “فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی بایراكدار له‌ ئۆكرانیادا رۆڵیان هه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت ڤلادیمیر زێلێنسكی سه‌رۆك كۆماری ئۆكرانیا، ده‌ڵێت، “میدیاكانی رۆژئاوا له‌ باسی كاریگه‌رییه‌كانی توركیا له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ زۆر زیاده‌ڕه‌وییان كردووه‌”.

سه‌رباری ئامانجگرتنی ئه‌مریكییه‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه‌، پێویسته‌ كۆشكی سپی پێشنیاره‌كه‌ی بۆ فرۆشتنی فڕۆكه‌ی ئێف 16 به‌ توركیا بۆ هه‌میشه‌ له‌ ره‌فه‌دا دابنێت، جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ پێنتاگۆن كۆتایی به‌ دابینكردنی پارچه‌ی یه‌ده‌گ بهێنێت و كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌واڵگری ئه‌مریكاش ده‌بێت هه‌موو هاوبه‌شی و هاوئاهه‌نگیه‌ك له‌ هه‌واڵگری له‌گه‌ڵ توركیا رابگرێت، هه‌روه‌ها ره‌تكردنه‌وه‌ی هۆشدارییه‌كانی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن به‌رگری و هه‌واڵگرییه‌كانی توركیاوه‌ ئابڕووبه‌رانه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ كاروانه‌كه‌دا بوون.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پێویسته‌ سزای یاسای ماگنیتسكی به‌سه‌ر خولوسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیادا بسه‌پێنێت، كه‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ ئامانجكردنی ئێزدی و كورده‌ ئاواره‌بووه‌كان ده‌كات له‌ سێ وڵاتدا، (یاسای ماگنیتسكی رێگه‌ به‌ ئه‌مریكا ده‌دات سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ مافه‌كانی مرۆڤ پێشێلده‌كه‌ن و گه‌نده‌ڵن).

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا، سزای به‌سه‌ر هاكان فیدان سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا، بسه‌پێنێت و رێگه‌ی هاتوچۆی لێ قه‌ده‌غه‌ بكات، چونكه‌ نه‌ك هه‌ر فیدان به‌شداربوو له‌ لێدانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌، به‌ڵكو وه‌ك بێژنگێك هه‌مووكات دزه‌ ده‌كاته‌ ناو ئێران، كه‌ له‌ مێژه‌ هاوسۆزێتی و به‌ قووڵی هاوبه‌شیشه‌ له‌پشتیوانییه‌ لۆجستی و سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش).

له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی هاوپه‌یمانی دژه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) ئه‌نجامبدات به‌بێ ئه‌وه‌ی توركیا بانگهێشت بكات.

سه‌ركه‌وتنی دژه‌ تیرۆر پێویستی به‌ پاككردنه‌وه‌ی ماڵه‌ و ده‌ڵاڵی هیچ ئه‌سپێكی ته‌ڕواده‌ی ناوێ.

له‌كۆتاییدا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئاستی هاوبه‌شی و هاوكاریی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) به‌رزبكرێته‌وه‌، چه‌كی دژه‌ فڕۆكه‌ و هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی خۆیان بۆ دابین بكرێت، ئه‌وان هاوپه‌یمانێكی باشترن.

سه‌رچاوه‌: Washington examiner

بابەتی پێشتر

درۆنێك لە هەولێر خرایە خوارەوە

بابەتی دواتر

لە کاتی سوجدەدا بە چەقۆ هێرش دەکرێتە سەر پێشنوێژی مزگەوتێک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share