لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکات و بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق لە قەڵەمی دەدات.
دیلان غەفور سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، “زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین و بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق لە قەڵەمی دەدەین”.
دیلان غەفور دەڵێت، “ئەو پەلامارە ھاوکاتە لەگەڵ داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی دا، ئەم پێشھاتانە ئاماژەی دۆخێکی نەخوازراون کە لێکەوتە و کاریگەریی خراپیان دەبێت و ھیچ پاساوێک نابینین بۆ ئەم دۆخە”.
راشیگەیاندووە، “لایەنی تورکی ھێشتا عێراقی ئاگادارنەکردووەتەوە و ھیچ پاساوێکی بۆ ئەو ھەنگاوەی لە دژی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەخستووەتەڕوو”.
سەرۆکی لیژەنەکە دەڵێت، “لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆمان کردووە و بەردەوام لەسەر ھێڵین، ھەموو رێگایەکی سیاسی و دیبلۆماسی دەگرینەبەر و ھەوڵی گفتوگۆ و راستکردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە دەدەین لەگەڵ حکومەتی تورکیا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغداد”.