ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە بودجە دەستیانپێکردووە، بەڵام پەسەندکردنی دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاندووە، “ئەنجومەنی نوێنەران کار لەسەر خوێندنەوە و گفتوگۆ و پەسەندکردنی یاسای بودجە دەکات لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە کە نابێت لە مانگێک زیاتر بێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، “ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ یاسای بودجە دەستیپێکردووە، هەفتەی داهاتووش خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە دەکرێت”.
وتیشی، “دوای تەواوکردنی خوێندنەوەی دووەم، ژمارەیەک وەزیر و بەرپرس و پارێزگار میوانداری دەکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو تەرخانکراوە داراییانەی کە لە یاسای بودجەدا بە وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان دراوە”.
جەمال کۆچەر دەڵێت، “ئێمە لە لیژنەی دارایی پەرلەمان کاردەکەین بۆ پەسەندکردنی یاسای بودجە لەدوای جەژنی ڕەمەزان”.
دوێنێ چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە گفتوگۆ لەبارەی بودجە کۆبووەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە کرد.