بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردن و بەكارهێنان، قائیمقامیەتی سلێمانی جۆرە ترشێك قەدەغە دەكات و نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكان داوادەكات هاوڵاتییان بەكارینەهێنن.
هیوا ساڵح، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، جۆرە ترشێك لە بازاڕەكاندا بڵاوبووەتەوە كە لە دەرەوەی شاری سلێمانییەوە هاوردەكراوە و لیمەندۆزی و رەنگ لە دروستكردنەكەیدا بەكارهێنراوە و بە ترشی سروشتی بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێت، ئەمەش جگە لە زیانە تەندروستییەكانی، بە فێڵ و ساختەكاری ئەژماردەكرێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی نموونەی ترشە هاوردەكراوەكەی رەوانەی تاقیگەكانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی كردووە بۆ پشكنین، وەڵامەكەی بە (نەگونجاو) بۆ خواردن و بەكارهێنان دراوەتەوە.
قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، لەبەرئەوەی ترشەسماق سروشتییە، بەكاربەر وەك تامێكی سروشتی بەكاریدەهێنێت، بەڵام ترشی لیمەندۆزی كە زیادكەری خۆراكییە (E330) راستەوخۆ ناخورێت، بەڵكو پێویستە بە رێژەیەكی دیاریكراو بكرێتە ناو خواردن و خواردنەوەكانەوە بۆ ئەوەی زیان بە تەندروستی نەگەیەنێت.
نوێنەرەكەی تەندروستی سلێمانی، راشیگەیاند، قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەكانی راسپاردووە لەهەر شوێنێك بەدیكرا دەستیبەسەردا بگرن و لەناویبەرن، هەروەها رێگری لە هاوردەكردنی بكەن بۆ ناو شاری سلێمانی، هەروەك داوا لە هاوڵاتییان دەكات، لەو جۆرە ترشە نەكڕن و بەكارینەهێنن، لەبەرئەوەی لە لیمەندۆزی و رەنگ دروستدەكرێت، ئەمەش زیان بەتەندروستییان دەگەیەنێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان و وتەی بەشێك لە بازرگانەكان، پێكهاتەی ترشەكە بریتییە لە كەپەكی ئارد و رەنگی سووری دەستكرد و لیمەندۆزی بە شێوەی 10 كیلۆگرامی لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی بەناوی ترشی ئاكرێ دەفرۆشرێت.