ژمارەی ئەو كەسانەی لەمیانەی هەوڵی چوونە ناو ویلایەتە یەكگرتووەكان گیانیان لەدەستدا گەیشتە هەشت كەس.
پۆلیسی كەنەدا دوو تەرمی دیكەی دۆزییەوە، لەكاتێكدا تائێستا تەرمی منداڵێكی ساوا نادیارە، بەمەش ژمارەی قوربانییان بۆ ئەو ژمارەیە بەرزبووەوە، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە تەرمی شەش كەس دۆزرانەوە.
قوربانییان ئەندامانی دوو خێزانن و ویستویانە بە بەكارهێنانی بەلەم دەریای سانت لۆرانس ببڕن و لە كەنەداوە خۆیان بگەیەننە ئەمریكا.
پێشبینی دەكرێت رووداوەكە شەوی چوارشەممەی رابردوو روویدابێت.
شۆن دۆلۆد، سەرۆكی پۆلیسی ئەكویساسنی رایگەیاند، ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانییان زیاتر بن و وتی، هێزەكانیان بەدوای پیاوێكی بێسەروشوێندا دەگەڕێن بەناوی كیسی ئۆكس (30 ساڵ) كە بەلەمەكەی لە نزیك ناوچەی دۆزینەوەی تەرمەكان بینراوە.