پێنج رێنوێنی بۆ ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و دەمارەكانیان هەیە

ئەو كەسانەی گرفتاری نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكانن دەتوانن لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژووبن، بەڵام بە مەرجی رەزامەندیی پزیشكانیان، وەك ئەوەی شارەزایەكی بواری تەندروستی ئاماژەی پێدەدات و لەگەڵ ئەوەشدا چەند رێنوێنییەك دیاریدەكات بۆ دووركەوتنەوە لە مەترسی بۆ سەر ژیانیان.

هەڵسوكەوتە هەڵەكانی خواردن لە مانگی رەمەزاندا لێكەوتەی نەرێنی دەبێت، كە دەشێت گرفتەكان لە دڵدا زیادبكەن، بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و دەمارەكانیان هەیە و دەرمان دەخۆن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكانیان.

مەرجی یەكەم و بنەڕەتی، وەك ئەوەی مەجید بیترگیل پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ و دەمارەكان لە نەخۆشخانەی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ ئاماژەی پێدەدات، بەدەستهێنانی رەزامەندیی پزیشكە، بەر لە رووكردنە بەڕۆژووبوون، بە پێچەوانەوە دەشێت مەترسی لەسەر ژیانی كەسی بەڕۆژوو دروستبكات.

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە پێنج خاڵی سەرەكی هەیە كە پێویستە ئەو نەخۆشانە پابەندی بن بۆ دووركەوتنە لە هەر گرفتێك لەكاتی بەڕۆژووبوونیاندا.

خاڵی یەكەم پەیوەندی بە خواردنەوەی ئاوەوە هەیە بە بڕێكی زۆر، لە دوو لیترەوە بۆ دوو لیتر و نیو، لەماوەی رێكخراودا لەنێوان رۆژووشكاندن و پارشێودا.

دووەم، دووركەوتنەوە لە خواردنی سوێر، گەرم، گۆشتی سوور، خواردنەوە ترش و شیرینەكان كە دەبنەهۆی تینووبوون، لەجیاتی ئەوە پشتبەستن بە سیستمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بە سەوزەكان، ماسی، خوارنی كوڵاو و بڕژاو لەجیاتی سوورەكراو، هەروەك دووركەوتنەوە لە ئیشی هەویر و شیرینییەكان.

سێیەم، پابەندبوون بە كاتەكانی خواردنی دەرمان، بەتایبەت ئەوانەی پێویستە دەرمانی دژ بە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، خوێن مەین بخۆن چونكە وەستاندنی خواردنیان دەیانخاتە بەردەم مەترسی تووشبوون بە جەڵدەی مێشك و مردن.

خاڵی چوارەم پەیوەندی بە ئەنجامدانی چالاكیی جەستەیی و گرنگیی رێكخستنیەوە هەیە، چونكە پابەندنەبوون پێوەی ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.

ئەو پسپۆڕە رێنوێنی ئەوەش دەكات كە چالاكییەكە بریتی بێت لە رۆیشتن بۆ ماوەی 30 تا 40 خولەك، پاش دوو تا سێ كاتژمێر لە بەربانگ كردنەوە، بە مەرجی ئەوەی نەبێتە ماندوێتی زۆر، هەروەها رەزامەندیی پزیشكی لەسەر بێت.

لە كۆتایشدا خاڵی پێنجەم بریتییە لە خەوتن بە بڕی پێویست لە مانگی رەمەزاندا، بە پێچەوانەشەوە دەبێتە هۆی خێرایی توڕەبوون و كاردانەوە و سەرئێشە و نیگەرانی، ئەوانەش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بارگرژی سەر دڵ و دەمارەكان زیاددەكەن.

لەمڕوەوە پسپۆڕەكە رێنوێنی خەوتن دەكات بۆ ماوەی چوار كاتژمێری تەواو و پیكەوە، شەوانە پاش بەربانگ كردنەوە و بەر لە پارشێو، هەروەها خەوتن بۆ چەند كاتژمێرێكی دیكە پاش پارشێو، جگە لە خەوی كورتی 20 خولەك و زیاتر لە پاش نیوەڕواندا.

بابەتی پێشتر

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە

بابەتی دواتر

بەرگریی شارستانیی سلێمانی بنكەكانی تۆماركردن تایبەت بە سیستمی غاز ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share