رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رەخنە لە دۆخی ئازادیی دەربڕین و گردبوونەوە لە هەرێمی كوردستان دەگرێت و دۆسیەی زیندانییانی بادینان بە نمونە باسدەكات.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) ئەمڕۆ راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوكردەوە.
راپۆرتەكە كە لە 177 لاپەڕە پێكدێت تیایدا لە مافی خۆپیشاندانەوە تا مافەكانی ژنان دەخاتەڕوو و رووماڵی زیاتر لە 150 وڵات لەخۆدەگرێت.
بەشێكی راپۆرتەكە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان و عێراق و لە بڕگەی تایبەت بە ئازادیی رادەربڕین و گردبوونەوەدا لە هەرێم دەڵێت، هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەت لە ساڵی 2022دا رۆژنامەنووس، چالاكوان و رەخنەگرانیان دەستگیركردووە.
لەو بڕگەیەدا باس لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان و مانگرتنیان لە خواردن دەكات و هۆكارەكەشی بۆ درێژەدان بە بەندكردنیان دەگەڕێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی بڕیای سەرۆكایەتی هەرێم هەبووە بۆ كەمكردنەوەی ماوەی سزاكەیان.
دەشڵێت، لە خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گازی فرمێسكڕێژ و گولـلەی پلاستیك بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی دژ بە دواكەوتنی مووچەی مانگانە و نەبوونی هەلیكار بەكارهێنراوە و بەهۆیەوە چەندین برینداری لێكەوتووەتەوە.
لە ئەیلولی رابردوو لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە رۆژنامەنووسێك كە بۆ میدیایەكی ئۆپۆزسیۆن كاریدەكرد لە هەولێر دەستگیركرا لەمیانەی رووماڵكردنی هێرشێكدا بە درۆن كە لەلایەن توركیاوە بۆسەر چەكدارانی پەكەكە ئەنجامدرا، رۆژنامەنووسەكە رۆژی دواتر ئازادكرا، پاش واژووكردنی بەڵێننامەیەك دەربارەی رووماڵنەكردنی رووداوی لەو جۆرە، وەك ئەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئاماژەی پێداوە.
ئەوەش دەخاتەڕوو، دۆخی دەربازبوون لە سزای هێزە چەكدارەكان كە رۆژنامەنووس، ناڕازی و چالاكوانان دەكەنە ئامانج، ئازادیی رادەربڕینی لە عێراق تێكداوە.
هەروەك ئاماژە بە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019ی عێراق دەكات و دەڵێت، “دەربازبوون لە سزا” بەسەر سەدان رووداوی كوشتنی نایاساییدا تێپەڕبووە.
سەبارەت بە توندوتیژیی حێزانیش دەڵێت، كەموكوڕیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە لە بە تاوان نەناساندنی توندوتیژی و جۆرەكانی دیكەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆر و خێزان و ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی “تاوانی شەرەف” كە لەلایەن رێكخراوە ناحكومییەكانەوە تۆماركراون.
دووپاتیشیدەكاتەوە، شێوازەكانی پاراستنی كاریگەر كە دەوڵەت پێشكەشی دەكات بۆ رێگری لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق زۆر سنووردارە.
لە پەیامێكیشدا بەبۆنەی راپۆرتەكەوە رێكخراوەكە دەڵێت، “ئێمە باوەڕمان وایە هیچ حكومەتێك نییە لە دەرەوەی چێوەی وردبوونەوە و لێپێچینەوە و، تروسكەی هیواش ناڕەوێتەوە دۆخەكە هەر چۆنێك بێت”.