بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێكی مووشەكی بۆ سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا لە پارێزگای دێر لزور لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا.
تۆڕی (ABC)ی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، هێرشەكە لەڕێی پێنج مووشەكەوە بۆسەر دامەزراوەیەك لە پارێزگاكەی درێر لزور ئەنجامدرا و بووە هۆی برینداربوونی یەكێك لە كارمەندانی خزمەتگوزاریی ئەمریكی.
بەپێی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، هێرشەكە كێڵگەی كۆنیكۆ-ی غازیی لە دەوروبەری دێر لزور گرتووەتەوە و شوێنی هەڵدانەكەشی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕۆكەوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەڵامی هێرشەكەی داوەتەوە بە بۆردومانكردنی مۆڵگەكانی سەر بەو گروپە چەكدارانە لەناو پارێزگاكەدا و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
پاش نیوەڕۆی پێنجشەممەی رابردووش بنكەیەكی هێزەكانی هاوپەیمانان لە حەسەكە بە درۆن هێرشی كرایەسەر و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لەلایەن گروپێكی نزیك لە سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراوە و پێنج سەربازی دیكەش برینداربوون.