فەڕەنسا دووەمین رۆژی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێکرد

ئەمڕۆ بۆ دووەمین رۆژ لەسەریەک پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپیشاندانی هەزاران هاوڵاتیی وڵاتەکەی دژی بڕیارێکی حکومەت بەخۆیەوە بینی.

ئەمڕۆ هەینی بۆ دووەمین رۆژ لەسەریەک هەزاران هاوڵاتیی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان و داوایانکرد حکومەت لە بڕیارەکەی بۆ چاکسازی لە سیستمی خانەنشینی پاشگەز ببێتەوە.

هەر ئەمڕۆ بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ئاستەنگی هاتوچۆ بەهۆی لەکارخستنی میترۆکان دروستبوو، هاوکات توندوتیژی و پێکداهەڵپڕژان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.

سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسییەکان بۆ بڕیارێکی حکومەت دەگەڕێتەوە لە هەفتەی رابردوودا، کە بڕیاریدا تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ زیادبکرێت، ئەمەش بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی وڵاتەکەدا دروستبووە.

بەشێک لە ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتییان بەهۆی ئەوەوە دروستبووە، کە حکومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان بڕیارەکەی دەرکردووە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی وڵاتەکەش سووربوونی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە دووپاتکردەوە.

هەر ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە برۆکسل ئەنجامیدا، ماکرۆن رایگەیاند، بەتوندی رووبەڕووی هەر کردەوەیەکی توندوتیژانە دەوەستنەوە.

 

بابەتی پێشتر

دهۆک.. تەرمی کەسێک بە سووتێنراوی دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share