لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامی رانیە دەستیانبەسەر نیو تۆن دەنکە هەناری خراپبوودا گرت کە خاوەنەکەی بەنیازبووە بیکاتە سرکە و بە هاوڵاتییانی بفرۆشێت.
قائیمقامیەتی قەزای رانیە بڵاویکردەوە، “لە درێژەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای رانیە بۆ پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتییان دەستگیرا بەسەر بڕی نیو تۆن هەناری ئامادەکراو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری رانیە کە لە ماڵێکدا ئامادەکرابوو بۆ دروستکردنی سرکەی خۆماڵی کە کەڕووی هەبوو و شیاو تەندروست نەبوو بۆ بەکارهێنان و بەهای خۆراکی لەدەستدابوو”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “دەنکە هەنارەکان تەلەفکران و شوێنەکە داخرا و خاوەنەکەی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە”.
داوایشیکرد، “هەرخاوەن پیشەیەک بۆهەرکار و پیشەیەک پێویستە سەردانی قائیمقامیەت بکەن بۆئەوەی رێنماییان پێبدرێت مۆڵەت دەربهێنێت بۆ ئەوەی شوێنی کاری دیاربێت و بەردەوام لەژێر چاودێری لێژنەکانی تەندروستیدا کاربکات”.