پۆلیسی گەرمیان دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند و دەڵێت، لەڕێگەی مۆبایلەوە خۆی کردووە بە ژن و پارەی لە خەڵک وەرگرتووە.
لە راگەیەندراوێكدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە، پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی فریاکەوتن 104ـی کەلار کە کەسێک لەڕێگەی مۆبایلەوە دەنگی خۆی دەگۆڕێت بە ژن و پارەیەکی زۆری لە خەڵک وەرگرتووە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون هێزەكانیان توانیویانە تۆمەتبار دەستگیربکەن کە دانیشتووی ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای کەلارە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە ئێستادا کەسێک سەردانی بنکەی پۆلیسی شەهیدانی لە كەلار کردووە بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی تۆمەتبار کە بڕی پێنج ملیۆن دیناری بە فێڵکردن لێوەرگرتووە و تۆمەتبار خۆی لێکردووە بە ژن.
ئاشكراشیكردووە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار، چەندین کەسی تر پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە و بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی بنکەی پۆلیسی شەهیدانی قەزای کەلار دەکەن.
لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە سنووری گەرمیان ئەمە دووەم تۆمەتبارە کە بەهۆی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیكردنەوە دەستگیربکرێت، وەك پۆلیسی گەرمیان رایگەیاندووە و داوا لە هاوڵاتییانی سنووری گەرمیان دەکات، لە کاتی بوونی هەر هەڕەشە و گرفتێک کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە، راستەوخۆ سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکەن و سکاڵ تۆماربکەن، بۆ ئەوەی تۆمەتباران رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.