بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند كە وەك لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا دەردەكەوێت هێرشیكردووەتە سەر كەسێكی دەروون نەخۆش.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە كە تۆمەتبارێك هێرشدەكاتە سەر كەسێكی دەروون نەخۆش و لێیدەدات، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنكەی پۆلیسی سەرای ڕاسپارد كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای گەڕان و بەدواداچوونەكان توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە دەستگیربكرێت كە هێرشیكردبووە سەر هاوڵاتییەكی دەروون نەخۆش و لێی دابوو.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە