بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە شەپۆلێكی بارانبارین رووی لە هەرێم دەکات و لە هەندێک شوێن تەرزەشی لەگەڵ دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، “رۆژى چوارشەممە کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى تورکیا روو لە ناوچەکەمان دەکات شەپۆلێکى بارانبارین تەواوى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە ، لەماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە ئاستى دابارین لە تەواوى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم بە رێژەى مامناوەند و هەندێک کات لێزمە باران دەبێت لەگەڵ هەورە تریشقە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “زۆرترین رێژەى بارانبارین لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان و قەزاو ناحیەکانى پارێزگاکە دەبێت بە بەراورد بە ناوچەکانى تر، لەکاتى دابارین پێشبینى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەکرێت”.
ئاشکراشیکرد، “کاریگەرى ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ رۆژى پێنجشەممە و باران لە ناوچەى جیاجیا دەبارێت بە رێژەى کەمتر، لەگەڵ هاتنى بارستە هەوایەکى سارد بەمەش پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە بە (4-6 ) پلە و ئەگەرى بارینى تەزرەش هەیە، لە کاتەکانى ئێوارەدا کاریگەرى ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت”.