شاری سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە میوانداریی چالاکییەکانی دووەمین کۆڕبەندی گەشتیاریی “نێرگز”ی کرد، بۆ هاندان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری.
کۆڕبەندی گەشتیاریی نێرگز بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، ئەمەل جەلال، پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر و ژمارەیەک نوێنەری کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق بەڕێوەچوو.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە وتارێکدا رایگەیاند “یەکێک لە پایە گرنگەکانی کارەکانمان پەرەپێدانی کەرتی گەشتیارییە و دەبێت پشتی پێ ببەستین”.
جەختیشیکردەوە “هەرێم بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتی پشت بە ئابوریی سەوز دەبەستێت”.
ئاماژەی بەوەکرد، “ئیدارەی سلێمانی رۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار لە پارێزگاکە و پاڵپشتیی دەسەڵاتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت بۆ گەیشتن بە بەدەستهێنان ئەوەی لەماوەی کۆتاییدا هەبووە لە راکێشانی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ پارێزگاکە”.
پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە ” پرۆسەی گەشتوگوزار تەنها بە هاتنی گەشتیار بۆ پارێزگاکە تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونە لەنێوان تیمە گەشتیارییەکان و رێکخستنی گەشتی گەشتیاری لە سلێمانییەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە”.