قوباد تاڵەبانی لە فەرمانگەكانی سلێمانی سیستمی یەکپەنجەرەیی رادەگەیەنێت

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، سبەینێ یەكشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی سیستمی یەکپەنجەرەیی رادەگەیەنێت.

لەبارەی سیستمەکەوە وتی، “یەکپەنجەرە، لە چێوەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکانە و بەشێکە لە پڕۆژەی خزمەت، کە بریتییە لە باشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکان بۆ هاوڵاتیی خزمەتخواز و راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان لە فەرمانگەکان بە ئاسانترین شێوە و نەهێشتنی رۆتین و رێگرتن لە گەندەڵی”.

هەورامی لە لێدوانێكدا بۆ ئێستا جەختیكردەوە كە قۆناغی یەکەم لە پێنج فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی جێبەجێدەکرێت و دواتر فەرمانگەکانی تریش دەگرێتەوە، بڕیاریشە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تریش ئەم پڕۆژەیە جێبەجێبکرێت.

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئاشكراشیكرد، سوودی پڕۆژەكە ئەوەیە کە هاوڵاتیی خزمەتخواز لە رێگەی یەکپەنجەرەوە مامەڵەکەی پێشکەشدەکات و دەرئەمجامەکەشی وەردەگرێتەوە، ئەو کاتە فەرمانبەر هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی هەموو مامەڵەکە و پێویست ناکات هاوڵاتیی خزمەتخواز چەند ژوورێک بکات.

وتیشی، “بێگومان ئەمەش رۆتین ناهێڵێت و کە رۆتینیش نەما بەر بە گەندەڵی دەگیرێت، ئەمەش هەمووی لە چێوەی پڕۆژەی خزمەتە کە ساڵی 2013 قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پاکێجێک لە پڕۆژەی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکومەت پێشکەشیکردوون و دواتر کاریان لەسەر کراوە، وەک بایۆمەتری و خزمەت و تۆماری کۆمپانیاکان و یاسای کار و بە ئەلیکترۆنیکردنی بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەت”.

بابەتی پێشتر

دایكی گورچیلەی پێبەخشی بۆ ئەوەی بژی كەچی بە رووداوی شەمەندەفەر مرد

بابەتی دواتر

ڕیاڵ مەدرید لەبارەی تێوەگلانی بەرشلۆنە بە دۆسییەی بەرتیلدان ڕاگەیاندراوێکی بڵاودەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share