خوێ كەمبكەنەوە
خۆراكی ناتەندروست هۆكاری سەرەكیی مردنە و نەخۆشییە

رێكخراوی تەندروستی هۆشداریدەدات لەوەی سیستمی خۆراكی ناتەندروست هۆكاری سەرەكیی مردن و نەخۆشییە لە جیهاندا.

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، زیادەڕەوی لە خواردنی سۆدیۆم یەكێك لە “هۆكارە سەرەكییەكانی نەخۆشییە”.

لە راپۆرتێكدا كە یەكەمی لەو جۆرەیە لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە دەربارەی سنووردانان بۆ سۆدیۆم بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، جیهان لە رێڕەوی دروست لایداوە بۆ هێنانەدی ئامانجی جیهانی كە خۆیدەبینێتەوە لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سۆدیۆم بەڕێژەی 30% تا ساڵی 2025.

بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە وتی، “راپۆرتەكە نیشانیدەدات كە زۆرینەی وڵاتان تائێستا پشتیان بە هیچ سیاسەتێكی پابەندانە نەبەستووە سەبارەت بە سنووردانان بۆ سۆدیۆم. ئەمەش گەلەكانیان دەخاتە بەردەم مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشك و ئەودوای كێشە تەندروستییەكانی دیكە”.

رێكخراوەكە بانگەوازی سەرجەم وڵاتان دەكات بۆ جێبەجێكردنی پلانی سنووردانان بۆ سۆدیۆم، هەروەها بۆ كارگەكان بەمەبەستی دانانی پلانی سنووردانان بۆ سۆدیۆم لە بەروبومەكانیاندا.

خوێ كە دەوڵەمەندە بە سۆدیۆم، لەئێستادا بەشێوەیەكی زۆر لە سەرتاسەری جیهاندا بەكاردەبرێت.

پشتبەستن بە سیاسەتی ساكاری تایبەت بە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سۆدیۆم دەشێت ببێتەهۆی رزگاركردنی ژیانی 7 ملیۆن كەس تا ساڵی 2030، وەك ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێداوە.

سۆدیۆم، كە سەرچاوەیەكی خۆراكیی بنەڕەتییە، دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ، جەڵتەی مێشك و مردنی پێشوەختە لە ئەگەری زۆر خواردنیدا، رێكخراوەكە وا دەڵێت.

ئاستی مامناوەندی بەكارهێنانی جیهانی بە نزیكەی 10.8 گرام لە رۆژێكدا دادەنرێت، ئەمەش زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەیە كە رێكخراوی تەندروستی رێنوێنی بەكاربردنی دەكات و بریتییە لە كەمتر لە پێنج گرام، واتە كەوچكێكی بچوك، لە رۆژێكدا.

بابەتی پێشتر

موقتەدا سەدر بڕیارێکی لەبارەی میلیشیاکانی سەرایا سەلام دەرکرد

بابەتی دواتر

دایكی گورچیلەی پێبەخشی بۆ ئەوەی بژی كەچی بە رووداوی شەمەندەفەر مرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share