ئەمڕۆ 8ی ئازار (8ی مارس) لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی ژنان دانراوە، بەو بۆنەیەوە ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان یادی رۆژەكە دەکرێتەوە.
دیاریکردنی رۆژی 8ی مارس وەک رۆژی جیهانیی ژنان، بۆ چالاکیی ژمارەیەك لە ژنانی ئەمریكی دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە 160 ساڵ بەر لە ئێستا روویداوە، لەساڵی 1856 هەزاران ژن لە نیویۆرکی ئەمریکا کە لە کارگەیەکی رستن و چنین کاریان دەکرد، بەهۆی نایەكسانییەكانیی كار و مووچەوە، رێپێوانێكیان سازكرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
داواكاریی ژنانی ناڕازی بریتیبوو لە هاوتاكردنی كرێی كار و كاتژمێرەكانی كاركردن لەگەڵ پیاواندا، لەوکاتەدا کرێی ژنان کەمتر و کاتی کاریان زیاتربوو بەراورد بە پیاوان.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 ساڵ و لە 8ی مارسی 1908، ژنانی کارگەی رستن و چنین لە نیویۆرک، لەگەڵ یادکردنەوەی ئەو رۆژەدا، جارێکی دیکە خۆپیشاندانیان کرد دژی کارکردنی زۆر، چەوساندنەوە و مووچەیەکی کەم، سەرۆکی کارگەکە بۆ ئەوەی رێگرییان لێبکات، دەگای کارگەکەی لەسەریان داخست، “بە هۆکارێکی نادیار” کارگەکە گڕی گرت و بەشێکی زۆری ژنانی ناو کارگەکە گیانیان لەدەستدا.
لەدوای ئەو رووداوەوە، ساڵانە لە ئەمریکا یادی ئەو رۆژە دەکرایەوە، تا دواتر و لە ساڵی 1975یشدا بە فەرمی رۆژەكە بووە رۆژێکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان وەكو رۆژی جیهانیی ژنان دانیپێدا نا.