وەزیری دارایی: دروستكردنی لقێكی بانكی ناوەندی لە هەرێم لە قۆناغی كۆتایدایە

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەنگاوەكانی دروستكردنی بانكی نیشتمان وەك لقێكی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی كۆتایدایە و بە كردنەوەی ئەو بانكە سیستمی بانكی لە هەرێمی كوردستان قۆناغێكی باش دەچێتە پێشەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ڕۆژی سێشەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت پێشوازیكرد لە شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، بەسەرۆكایەتیی جۆن كریستۆڤەر كارێ بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیای بانكی نێودەوڵەتی و شاندێكی هاوڕێی.

لەدیدارێكدا وەزیری دارایی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی شاندەكە دەربڕی و كورتەیەكی لەسەر كارو چالاكییەكانی وەزارەت لە بواری بەدیجیتاڵیكردنی سیستمی بانكەكان و دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران بەشێوەی ئەلیكترۆنی و رێكخستنەوەی سیستمی خەرجی بە شێوازی ئۆنلاین و زیادكردنی شەفافیەت و كەمكردنەوەی ڕۆتین پێشكەشكرد.

لای خۆشیانەوە شاندی میوان ستایشی هەنگاوەكانی وەزارەتی داراییان كرد لە بواری شەفافیەت و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و داوایانكرد پەیوەندی راستەوخۆیان هەبێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی هەماهەنگی و هاوكاری لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بانكی و دارایی و بەرزكردنەوەی توانای ستاف و كارمەندەكانی وەزارەت لە بوارە جیاجیاكاندا.

لەكۆتایی دیدارەكەدا وەزیری دارایی رایگەیاند هەنگاوەكانی دروستكردنی بانكی نیشتمان وەك لقێكی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كورستان لە قۆناغی كۆتایدایە و بە كردنەوەی ئەو بانكە سیستمی بانكی لە هەرێمی كوردستان قۆناغێكی باش دەچێتە پێشەوە.

بابەتی پێشتر

کۆبوونەوەی دوکەڵ لەناو فڕۆکەیەک لە ئاسماندا بەهۆی باڵندەیەکەوە

بابەتی دواتر

سامانە ئاوییەکان رێکار دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share