هەموو کەس بە خواردنی پاقلە تووشی کەمخوێنی دەبێت؟

د. پشدەر عەبدوڵا رایدەگەیەنێت نەخۆشی پاقلە لەگەڵ چاکبوونەوەی نییە، بەڵام دەکرێت لەگەڵ گەورەبوونی تەمەن نیشانەکانی کەم ببنەوە، داوا لە دایکان و باوکانیش دەکات لە ئەگەر بوونی ئەم حاڵەتە لە منداڵەکانیاندا بە وریایی مامەڵە بکەن.

د. پشدەر عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان رایگەیاند، “نەخۆشی پاقلە بریتیە لە نەبوونی ئەنزیمێک لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا کە دەیانپارێزێت لە شیبوونەوە لە کاتی خواردنی هەندێک جۆر خواردن و دەرمان  یان لە کاتی هەوکردن بە ڤایرۆس یان بەکتریا، ئەو جۆرە نەخۆشیە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکانی لە رێگەی کڕۆمۆسۆمی (X) ەوە، کەواتە منداڵی کوڕ زۆرتر تووشی ئەو نەخۆشییە ئەبێت بەوەی تەنها یەک کڕۆمۆسۆمی X ی هەیە، بەڵام بۆ تووشبونی کچ پێویستە هەردوو کڕۆمۆسۆمەکە هەڵگری نەخۆشیەکە بن یان یەکێک لە کڕۆمۆسۆمەکان چالاک نەبێت”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “هەندێک خواردن و خواردنەوە و دەرمانی دیکە جگە لە پاقلە هەن ئەگەری هەیە خوێن شیبکاتەوە بەڵام وەک پاقلە هۆکاری سەرەکی نییە وەکو، نیسک، فاسۆلیا، نۆک، گەنمەشامی، کاتشاپ، خواردنی لەقوتوو نراو، شەربەتی گیراوە، ئاوی بیر، خەنە، ئیندۆمی، ماجی، مەعجونی ددان، دۆشاوی تەماتە، چا، نەخۆشییەکەش چاکبوونی نییە لەگەڵ تەمەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەکانی کەمتر دەردەکەون ، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی خوێنەوە بێت لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا”.

داوایشیکرد، “ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکەیان نەخۆشی پاقلەی هەیە زۆر ئاگاداری منداڵەکەیان بن لە خواردنی ئەو شتانە، لە کاتی سەردانی نەخۆشخانە بە پزیشکەکە بڵێن کە ئەو نەخۆشیەی هەیە، بەردەوام ئاگاداری رەنگی پێستی ،لەگەڵ رەنگی میزی نەخۆشەکە بن “.

نیشانەکانی نەخۆشی پاقلە بریتین لە:

-لە تازە لە دایکبوودا بەشێوەی زەردویی و کەمخوێنی دەردەکەوێت.

-لە گەورەدا زەردویی دەگرێت و خوێنی کەمدەکات بەشێوەیەکی کوتوپڕ و  ڕەنگی کاڵ ئەبێت و ڕەنگی میزەکەی تۆخ وەک چای لێدێت لە دوای خواردنی یەکێک لەو خواردن یان دەرمانانەی لە خوارەوە باسی دەکەین ، یان هەوکردنی هەبێت.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێک لە کەشناسییەوە لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە

بابەتی دواتر

برغوویەك لە گەدەی هاوڵاتییەكدا دەرهێندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share